قایمقامی ڕاپهڕین: ترسمان لە پایەكانی پردەكە هەیە.. پردێكی تر دروست دەكەین

ڕانـیـە-KDP.info- بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاوی زێی بچووك و نزیكبوونەوەی ئاوەكە لە پردی دەربەندی ڕانیە، قایمقامی قەزای ڕانیە رێنمایی دەركردووە و رایدەگەیەنێت، رێگا نادرێت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و باری قورس بەسەر پردەكەدا بڕوات.
بە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی ئاو لە دەربەندی ڕانیە و كشانی یەكێك لە پایەكانی پردەكە، ئیدارەی ڕاپەرین رێنمایی دەداتە هاووڵاتیان و بۆ ئەو مەبەستەش ئیدارەی ڕاپەرین لە هەوڵی نوێكردنەوەی پردەكە و دروستكردنی پردێكی نوێترە لەوەی ئێستا.

حوسێن مەحموود، قایمقامی قەزای ڕانیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ وەكو قایمقامیەتی قەزای ڕانیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی رێگاوبانی ڕاپەرین گفتوگۆمان لەسەر ئەو بابەتە كردووە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارمان داوە پردەكە نۆژەن بكەینەوە و لە هەمان كاتدا پردێكی تر دروست دەكەین". وەك خۆشی ئاماژەی پێ دا، ئەو پڕۆژەیەش لە مانگی 7 دەستبەكار دەبێت. هەروەها دەشڵێ، دروستكردنی ئەو پردە بە كۆنكرێت دەبێت، كە پێشتر بە پلێت دروست كرابوو.
قایمقامی قەزای ڕانیە، ئەوەشی خستە روو، ئەو پردە فشارێكی زۆری لەسەرە، هەر بۆیە لە ئەمڕۆوە رێگە نادەین ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەسەریدا بڕوات، داواش لە هاووڵاتیان دەكات، نزیكی ئەو شوێنانە نەبنەوە كە ئاستی ئاوەكە بەرز بووبێتەوە، ناوبراو دەشڵێ، چەندین رێوشوێنی تریان گرتووەتە بەر، بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست نەبێ، هەروەها رێنماییان دەركردووە كە باری قورسیش نابێت بەسەریدا بڕوات.
بە هۆی بارانبارین و گلدانەوەی ئاوی بەنداوەكان، لە چەند رۆژی رابردوودا ئاستی ئاوی ژێر پردەكە زۆر بەرز بووەتەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە لایەكی پردەكە داڕووخانێكی كەم روو بدات.

حوسێن مەحموود باسی لەوەش كرد، لە سبەینێوە ئەو بەشەی رووخاوە چاك دەكرێت، بەڵام وەك خۆی دەڵێ، ترسیان لە پایەكانی پردەكە و ئاسنەكانی هەیە، ئەمەش بۆ زۆربوونی رێژەی ئاوەكە دەگەڕێنێتەوە، هەروەها قایمقام راشیدەگەنێت، كە ئاستی ئاوەكە لەم رێژەیەی ئێستا زیاتر بەرز دەبێتەوە، ئەمەش بە هۆی بەردانەوەی ئاو لە سنوورەكانی ئێران.
پردی دەربەندی ڕانیە، كە لە ساڵی 2004 دروست كراوە، درێژییەكەی 210 مەترە و بەرگەی فشاری 30 تۆن دەگرێت.
هەڵكەوت محەمەد




