بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی كوردستان بۆ هاووڵاتیان: مشووری خۆتان بخۆن

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە مەترسیی بەردانەوەی ئاو و سەرڕێژكردنی بۆ نێو زێی بچووك، هۆشداری دەداتە خەڵكی نزیك زێی بچووك و بەنداوی دوكان، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانیش دەڵێت، لە ئێستادا بەنداوەكە یەك ملیار و 930 مەتر سێجا ئاوی تێدایە.

بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی كۆكردنەوەی ئاوی هەرێمی كوردستان، ئەكرەم ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە فەرمی دانیشتووانی نزیك بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و ئەو ناحیانەی دەكەونە سەر زێی بچووك ئاگادار كراونەتەوە، كە مشووری خۆیان بخۆن و نزیكی شوێنە قەدەغەكراوەكانی ڕووبارەكان نەكەون، ئەو پڕۆژە گەشیاری و باخ و خانوو و ماڵانەی لە شوینی قەدەغەكراون و بە زیادەڕۆیی دروست كراون، خاوەنەكانیان خۆیان بەر پرسیارن لە زۆربوون و بەردانەوەی ئاوی بەنداوەكان، چونكە ئێران ئاوەكەی وردە وردە وا بەرداوەتەوە و پێویستە هەموو ناحیە و قەزاكانیش لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو ئاگادار بن."
لە لایەكی دیكەشەوە، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە هۆی زۆریی بارانبارین و بەردانەوەی ئاو بە ڕێژەیەكی زۆر لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا یەك مەتر و 30 سانتیم ئاستی ئاوی دەربەندیخان زیادی كردووە، كە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ 10 مەتر و 30 سانتیم ئاستی ئاوی دەربەندیخان زیاترە".

خانی گوتیشی: "بە هۆی بوومەلەزەكەی ساڵی 2017ـوە زیان بەر 10 مەتر سەرووی بەنداوەكە كەوتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش یەك ملیار دیناری بۆ چارەكردنی زیانەكان خەرج كرد، هەروەها حكوومەتی عێراق تیمی پسپۆڕی ناردووە و بەردەوام پشكنین بۆ بەنداوەكە دەكەن، بەپێ ئەو ڕێنماییەی پێمان دراوە، ئەوەندە ئاو گل دەدەینەوە كە زیان بە بەنداوەكە نەگات و هیچ مەترسییەكیش نییە لە ئێستادا".
فایزە كۆیی- هێڤیار هەڵەبجەیی




