٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جووتیارانی خانەقین: خۆپێشاندانه‌كه‌مان دژی بڕیاره‌كه‌ی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی دیالەیه‌

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- جووتیارانی شارۆچكەی خانەقین دژ بە بڕیاری زەوتكردنی زەوییەكانیان و دانیان بە عەرەبی هاوردە خۆپێشاندانیان ئەنجام دا، ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقینیش دەڵێ، زەوتكردنی زەویی كشتوكاڵیی جووتیاران، سیاسییە نەك یاسایی.

عەدنان ڕەحمان، پارێزەر و ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی 1975ـەوە زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچە كوردییەكان لە خانەقین كراوە بە ناوی جووتیارانی كوردەوە، كە خاوەندارییان كردووە، بەڵام ساڵی 1980 بە بڕیارێكی ئەوكاتی حكوومەتی عێراق زەویی كورد زەوت كرا و درا بە عەرەبی هاوردە، ئەوە بوو لە ساڵی 2003 لە پاش ڕووخانی حكوومەتی عێراق، جارێكى دیكە جووتیارانی كورد توانییان زەوییەكانی خۆیان بەدەست بهێننەوە".

ڕەحمان دەڵێ: "لە ساڵی 2003 مەجلیسی حوكم لە عێراق تەواوی بڕیارەكانی مەجلس قیادە سەورەی هەڵوەشاندەوە و جووتیارانی كورد توانییان زەویی خۆیان بەدەست بهێننەوە، بەڵام پاش ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی عێراق، بڕیارێكی دەركرد، بەوەی كە دەبێت ئەو زەویانە خاوەندارێتییان لە كوردەكان وەربگیردرێتەوە و بكرێنەوە بە ناوی عەرەبەوە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین دەشڵێ: "مەحكەمەی ئیتیحادیی عێراق تانەی لە بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی دا و موڵكداریی ئەو زەویانەی بۆ كوردەكان گەڕاندەوە، بەڵام ئێستا جارێكی دیكە بڕیاری تازە دەرچووە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی دیالە، كە دەبێت موڵكداریی ئەو زەویانە بكرێتەوە بە ناوی جووتیارانی عەرەبەوە".

ناوبراو گوتیشی: "داوا لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنە كوردییەكان دەكەین، یاساییەك دەربكەن لە ئەنجوومەنی نوێنەران، كە بە فەرمی خاوەندارێتیی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ جووتیارانی كورد بگەڕێننەوە".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار