٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ماوەی ٨ ساڵ شۆڕشی سووریادا ڕۆڵی کورد چۆن بوو؟

سەرچاوە: KDP.info

دهۆک-KDP.info- ٨ ساڵ بەسەر شۆڕشی سووریادا تێپەڕێ، ئەو شۆڕشەی کە لە ١٥ی ئاداری ٢٠١١ دەستی پێ کرد و، کوردیش بەشێکی گرنگی ئەو وڵاتە بوو، دوای تێکه‌لاوبوونی چەندین وڵات ئێستا کورد چی بەدەست کەوتووە لەو وڵاتەدا؟

هەر لە دەستپێکردنی شۆڕشەکەدا وڵاتانی زلهێز بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، هەندێک گەڕاونەوه‌ لای ڕژێم، کە ئەسەد سەرپەرشتیی دەکات و هەندێک گەڕاونەتەوە بۆ لای ئۆپۆزسیۆن، کە ئەمەریکا سەرپەرشتیی دەکات.

چارەسەری سیاسی

ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێ: "ئێمە پێمان وابوو کە شەڕ هیچ شتێک لە ڕەوشی سیاسیی کورد و سووریا ناگۆڕێت، چارەسەری سیاسی باشترین بژاردەیە بۆ ئەو وڵاتە و بڕیاری سیاسی لەدەست  سوورییەکاندا نییە، بەڵکو لەدەست وڵاتە زلهێزەکاندایە."

شەلال گەدۆ، کە خۆی ئەندامی ئیتلافی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ناکرێ کورد لەم شۆڕشەدا بە دەستی بەتاڵ دەرکەوێت و ڕۆڵە و نەوەکانیشمان بەکوشتن بدرێن."

نەمانی داعش

داعش لە ساڵی ٢٠١٤ـوە بە ناوی ''دەولەتی ئیسلامیی عێراق و شام'' سەری هەڵدا و لە (٢٣-٣-٢٠١٩) کۆتایی بە خەلافەتەکەی هات.

ئەمەریکا لە جەنگی دژی داعشدا دوو ڕووی جیاوازی هەبوو. لەسەر ئاستی سیاسی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن کاری دەکرد و، لە ئاستی سەربازییش لەگەڵ هێزی سووریای دیموکرات مامەڵەی دەکرد. لەو بارەیەشەوە، شەلال گەدۆ دەڵێ: "شوڕشی سووریا لەگەڵ دەستپێکردنی داعش سەری هەڵنەداوە، بە نەمانی ئەوانیش کۆتایی بە شۆڕش ناهێت."

گەدۆ دەشڵێ" "دەبێ کورد لەو شۆڕشەدا خاوەن دەستکەوتێکی هاوبەشی کورد بێت، ناکرێ لایەنێکی وەک پەیەدە خۆی بەسەر کوردەکانی تردا بسەپێنێت."

بە بۆچوونی پسپۆڕانی سەربازی، داعش وەک ناو تەواو بووە، بەڵام تا ئێستا وەک هزر ماوە و بە پێی سەرچاوە ئەمنییەکان، تا ئێستا داعش لە چەندین شوێن وەک مووسڵ و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا چالاکییان هەیە.

کورد لە شۆڕشی سووریادا

لەسەر ئاستی سیاسی، ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا هەنگاوی نێودەوڵەتیی ناوە، وەک حەواس عەگید، ئەندامی شاندی دانوستانکاری کورد لە ئۆپۆزسیۆنی سووریادا دەڵێ، جیهان لەگەڵ ئەوەیە کورد بە یەک بەرە دەتوانن مافەکانیان دەسەتەبەر بکەن و دەبێ ئەنەکەسە و پێشمەرگەی ڕۆژ بەشێکی دانەبڕاوی ڕۆژئاوای کوردستان بن."

حەواس عەگید بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی مافی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا بچەسپێنین."

تاکڕەویی پەیەدە

ئەمەریکا هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ڕژێمی ئەسەد لاببات، کەچی پەیەدە جارێکی تر دەیەوێ بچیتە ژێر ڕکێفی ئەو ڕژێمەوە و بەمەش ئەنەکەسە دژیەتی.

ئەنەکەسە دەڵێ، پەیەدە دەتوانێت لەگەڵ ڕژێم و هەموو لایەک بێت، کەچی لەو پارچەیەی کوردستاندا دژی کوردە.

بیرۆکەی ناوچەی ئارام

کورد لە بیرۆکەی ناوچەی ئارامدا بۆچوونێکی هاوبەشیان هەیە، تەڤدەم و ئەنەکەسە پێیان وایە، ئەم ناوچەیە دەبێ لەژێڕ چاودیڕیی نێودەوڵەتیدا بێت.

هەرچەندە هیچ هەنگاوێکی ئەم بیرۆکەیە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ڕووسیا دەیەوێ ئەو ناوچەیە لەژێر چاودێریی ڕژێمدا بیت و، تورکیاش خۆی بۆ ئەو ناوچەیە ئامادە کردووە."

ئێستا عەفرین لە ژێر ڕکێفی کورددا نییە و لەدوای دەستپێکردنی شۆڕشەوە تا ئێستا ملیۆنێک کورد کۆچبەر بوون.

کورد لە دوای نەمانی داعش دڵنیا نییە لەوەی کە ئاخۆ ئەمەریکا لەگەڵی دەمێنێت، یان وەک یاریزانێک کە  لە دژی داعش شەڕی پێ کردن، مافەکانیان پێی دەدات، چونکە لە کاتی دەستگرتنی تورکیا بەسەر عەفریندا ئیدارەی خۆسەر گلەییی لە ڕووسیا دەکرد، کە پشتی تێ کردوون.

کــاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار