٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی مووسڵ بۆ KDP: پێشبینیی گۆڕانكاریی نوێ لە مووسڵ دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -KDP.info- بەرپرسی لقی ١٤ی  پارتی لە مووسڵ، ئاماژە بە بارودۆخی مووسڵ دەكات و دەڵێ، كارەساتی نقوومبوونی دەیان كەس لە بەلەمێكدا، نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی زەق كردەوە و كار گەیشتە ئەوەی داوای لەكارلادانی پارێزگاری شارەكە بكرێت. سەبارەت بە بەهاناوەچوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، ئاماژەی دا، كە هەمیشە سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هاوكاریی سەرجەم پێكهاتەكانی ئەو شارەیان كردووە.

عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ی مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بارودۆخی شارەكە دوا، كە پارێزگاكە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە لە رەوشێكی خراپدایە، نموونەشی بە كێشەكانی ئاو و كارەبا و رێگەوبان و نەبوونی كار هێنایەوە، كە ھاووڵاتیانی سنووری شارەكەی بە گشتی ھەراسان كردووە، ئەوەیشی بووە هۆی زەقكردنەوەی نەبوونی پڕۆژە و خزمەتگوزاریەكان، روودانی نقوومبوونی دەیان هاووڵاتیی بەلەمەكەی ناوچەی گه‌شتیاری بوو، کە لەگەڵ دروستبوونی ئەو كارەساتە، كار گەیشتە ئەوەی داوای لە كارلادانی نەوفەل حەمادی، پارێزگاری مووسڵ و جێگرانی بكرێت.

ئێستا هاووڵاتیانی شارەكە رۆژانە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دەنگی ناڕەزایەتییەكی زۆر شارەكەی تەنیوە، ناوبراو پێیوایە، رەوشەكە زیاتر ئاڵۆزی بە خۆیەوە نابینێت، بەڵكوو لە یەك دوو رۆژی دابێت، پێشبینیی گۆڕانكاریی نوێ لە مووسڵ دەكەن، ئەو دەنگی ناڕازییەش چارە دەكرێت، ئەویش بە ھۆی ھەندێ بڕیارەوە، رەوشەكە دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی پێشوو و ئاسایی دەبێتەوە.

عەلی خەلیل، گومانی نییە، كە ھەندێ لایەنی سیاسیی رەوشی مووسڵیان بە دەرفەت زانیوە، بۆ ئەوەی موزایەدەی پێوە بكەن، بەو پێیەی لە ھەر شوێنێك بۆشایی پەیدا ببێت، ھەر لایەنە و ھەوڵ دەدات بە پێی بەرژەوەندیی خۆی كاری تێدا بكات و بە قازانجی خۆی بیشكێنێتەوە.

لە كاتی گۆڕانی پارێزگاری شارەكەش، بەرپرسی لقی ١٤ی مووسڵ، نایشارێتەوە، كە بەو پێیەی پارتی لەو شارەدا قورسایی خۆی هەیە، ھیچ پارێزگارێك بۆ نەینەوا دیاری ناكرێت، هاوكات پارتییش رۆڵی لە دانانی پارێزگاری نوێدا دەبێت، چونكە كورد بەشێكە لە چارەی بارودۆخی پارێزگاكە، گوتیشی: "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پێگەی خۆمان لە مووسڵ هەیە، نكۆڵی لە رۆڵی پارتی ناكرێت، سەرۆكی ئەنجوومەن و ژمارەیەك بەرپرسی نەینەوا لە پشكی پارتین، هەروەها پێش پەنجا ساڵیش بارەگامان لە مووسڵ ھەبووە و پێگەی جەماوەریمان ھەیە".

بەرپرسەكەی پارتی تیشك دەخاتە سەر هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگاكە و دەشڵێ، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، ئەوە بۆمان دەردەكەوێت، زۆر لەمێژە سەرۆك بارزانی زۆر ھاوكاریی خەڵكی مووسڵی كردووە، نموونەش بە ھاتنی ھێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ دەكات، كە شەپۆلی ئاوارەكان زیاتر بەرەو دھۆك و ھەولێر دەهاتن، لەوكاتەوە دەرگای نەخۆشخانە و قوتابخانە و ھەموو شوێنێك بە ڕووی خەڵكی لێقەوماوی مووسڵدا كراونەتەوە، گوتیشی: "رۆڵی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دیارە لە ھاوكاریكردنی خەڵكی مووسڵ بە ھەموو پێكھاتەكانییەوە، لە كارەساتی رۆژی پێنجشەممەشدا سەرۆك بارزانی و سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، ئامادەیی ھەموو ھاوكارییەكیان پیشان دا، رۆژانە ئێمە خەڵكی مووسڵ دەبینین و داوای گەیاندنی سڵاویان بە سەرۆك بارزانی دەكەن".

 

قائید میرۆ

پێداچوونەوەی: خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار