٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: هاوخه‌میی قووڵی خۆمان بۆ که‌سوکاری قوربانیانی ئه‌مڕۆی مووسڵ ده‌رده‌بڕ‌ین

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان په‌یامێکی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی که‌سوکاری قوربانیانی رووداوی ئه‌مڕۆی ژێرئاوکه‌وتنی به‌له‌مێکی گه‌شتیاری له‌ مووسڵ کرد و هه‌موو هاوکاری و پشتیوانییه‌کی داموده‌زگاکانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی بۆ لێقه‌وماوان نیشان دا.
 
سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، دووپات له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێریی دۆخه‌که‌ و پێشهاته‌کان ده‌که‌ن و هه‌موو داموده‌زگا په‌یوه‌نداره‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاراسته‌کراون و له‌ ئاماده‌باشیی ته‌واودان بۆ هه‌موو پشتیوانی و هاوکارییه‌ك.
 
ده‌قی په‌یامه‌كه‌:
 
ئه‌وپه‌ڕی هاوده‌ردی و هاوخه‌میی قووڵی خۆمان بۆ خانه‌واده‌ و که‌سوکاری قوربانیانی ڕووداوی ناخهه‌ژێنی ئه‌مڕۆی ژێرئاوکه‌وتنی به‌له‌مێکی گه‌شتیاری له‌ ڕووباری دیجله‌دا له‌ مووسڵ ده‌رده‌بڕ‌ین.
 
پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشییان لێده‌که‌ین و له‌م کاته‌ سه‌خت و به‌ئازاره‌دا له‌گه‌ڵیانین. خوای گه‌وره‌ دڵنه‌وایی و ئارامییان پێ ببه‌خشێت و هیوای سه‌لامه‌تی بۆ ڕزگاربووان ده‌خوازین. هیوادارین ڕووداوی دڵته‌زێنی وا دووباره‌ قه‌ت نه‌بنه‌وه.
 
هه‌ر له‌ ساتی یه‌که‌می ڕووداوه‌که‌وه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێریی دۆخه‌که‌ و پێشهاته‌کان ده‌که‌ین، هه‌موو داموده‌زگا په‌یوه‌نداره‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاراسته‌کراون و له‌ ئاماده‌باشیی ته‌واودان بۆ هه‌موو پشتیوانی و هاوکارییه‌ک، نه‌خۆشخانه‌ و به‌شه‌کانی فریاکه‌وتنیش له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ پێشوازیی لێقه‌وماواندان.
 
خوای گه‌وره‌ پشتیوان و هاریکار بێت.
 
نێچیرڤان بارزانی
 
سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان
 
21/3/2019

هەواڵی پەیوەندیدار