ئەمڕۆ كوردستانیان جەژنی نەتەوەیی نەورۆز پیرۆز دەكەن

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە شارەكانی هەرێمی كوردستان ئاگری نەورۆز هەڵدەكرێ و ساڵی كوردی دەبێتە 2719، خەڵكی كوردستانیش بە گوڕوتینەوە چاوەڕێی هاتنی جەژنی نەورۆز دەكەن و ئەم جەژنە نەتەوەییە پیرۆز دەكەن.

لە هەولێری پایتەختی كوردستان، سەعات پێنجی ئێوارە لە دوو شوێنی جیاواز ئاگری نەورۆز هەڵدەكرێ. هەمزە حامید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە دوای سەعات سێ ئاهەنگەكان دەست پێ دەكەن و لەسەر قەڵای هەولێر و پاڕكی شانەدەر سەعات پێنجی ئێوارە ئاگری نەورۆز هەڵدەكرێ.

هاوكات لە سلێمانی بڕیارە لە شەقامی سالم ئاهەنگەكانی جەژنی نەورۆز دەست پێ بكات و دەزگا تەناهییەكان هەموو ڕێوشوێنێكیان بۆ پاراستنی خەڵكی گرتووەتەوە ئەستۆ.

هەموو ساڵێك جەژنی نەورۆز لە ئاكرێ جیاوازە و بۆ ئەمساڵیش بە هەمان شێوە سەعات پێنجی ئێوارە بە مەشخەڵی ئاگرەوە خەڵكی یادی جەژنی نەورۆز دەكەنەوە و لە دهۆك و دەڤەری بادینانیش چەندان چالاكیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن.

هاوكات لە سیدەكانیش لە ژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەكەوە، تۆڕی رێكخراوە ناحكوومییەكانی سیدەكان بە ھەماھەنگیی سەنتەری رۆشنبیری، ھەڵدەستێت بە ھەڵكردنی مەشخەڵی ئاگری جەژنی نەورۆز و ئەنجامدانی ئاھەنگێكی جەماوەری لە سەنتەری شارۆچكەكە.

مووسا داود، بەرپرسی تۆڕٍی رێكخراوە ناحكوومییەكانی سیدەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ ٢٠ی ئاداری ٢٠١٩ لە ژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی سیدەكان و تۆڕی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان، بە ھاوبەشیی سەنتەری رۆشنبیریی سیدەكان و بە ئامادەبوونی دامودەزگا حكوومی و حیزبییەكان و جەماوەر و چین و توێژەكانی ناوچەكە، بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی كوردییەوە ھەڵدەستێت بەھەڵكردنی مەشخەڵی ئاگری جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و ئاھەنگێكی خنجیلانە ساز دەكرێت.

دەشڵێ: "دوای كاتژمێر ٤ی ئێوارە چالاكییەكان دەست پێدەكەن، بە ھەڵدانی ڕەشماڵی كوردی لەلایەن گرووپی ھونەریی پێشمەرگە، كە چەندین گۆرانی و سروودی نەتەوەیی تایبەت بە نەورۆز پێشكەش دەكرێن و شانۆگەرییەكیش لەلایەن گرووپی شانۆی سیدەكانەوە نمایش دەكرێت، هەروەها دوای سەعات ٦ی ئێوارە مەشخەڵی ئاگری نەورۆز ھەڵدەكرێت.
سیروان سابیر




