چاوی بازرگانانی جیھان لەسەر ھەرێمی كوردستانە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی راگەیاندنی ژووری بازرگانی گوتی، ئێستا دۆخی بازرگانی لە كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی زۆر بەرز و تەنیا لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ١٣ شاندی بیانی سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە و چەندین شاندی دیكەی بازرگانییش بەنیازن بێنە ھەرێمی كوردستان.
بەرپرسی راگەیاندنی ژووری بازرگانیی ھەرێمی كوردستان، ئەسكەندەر محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "١٦ كۆمپانیای ھەرێمی فلاندەرزی وڵاتی بەلجیكیا سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە لە رێگەی نوێنەری حكوومەتی ھەرێم لە یەكێتیی ئەورووپا و بڕیارە سێ رۆژ لە ھەرێمی كوردستان بمێننەوە و دیدارێكی ئابووری لە ژووری بازرگانی لە نێوان ئەو كۆمپانیایانە و بازرگانانی ھەرێم ساز كرا، كە ژمارەیان ٥٠ بازرگان بوو بۆ ئەوەی ھەماھەنگی بكەن و پێكەوە كار بكەن، چونكە ئەوان ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ ئەوەی ئەزموونی كاركردنی وڵاتانی ئەورووپا بێننە ھەرێمی كوردستان و كاری پێ بكەن".
محەمەد گوتیشی: "ھاتنی ئەوان وەكوو سەرەتایەكە بۆ ئەوەی بزانن بازاڕی ھەرێمی كوردستان چۆنە و دەتوانن لە چ بوارێكدا كار بكەن و دوای گەڕانەوەشیان، بڕیار دەدەن لە چ بوارێك لە ھەرێمی كوردستاندا كار بكەن، بەڵام ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ كاركردن".
ئەو هەروەها باسی لەوەش كرد، پێشتریش شاندی ھیندستان و لوبنان و توركیا و ئوردن و چەندین وڵاتی دیكە سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە و دوای گەڕانەوەیان لەرێگەی ئیمێڵەوە داواكارییان پێشكەش كردووە بۆ ئەوەی لە ھەرێمی كوردستان لە سێكتەرە جیاوازەكاندا كار بكەن.
دەشڵێ: "لە ئێستادا رەوشی بازرگانیی ھەرێمی كوردستان لە ئاستێكی زۆر باشدایە و پەیوەندیمان لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەموو جیھان ھەیە و هەروەها لەگەڵ كۆمەڵێك ژووری بارزگانیی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی پڕۆتۆكۆڵی دووقۆڵیمان ھەیە، كە بەردەوام كار بكەین و تەنیا لە ماوەی چوار مانگی ڕابردووشدا ١٣شاندی بیانی سەردانی ھەرێمی كوردستانیان كردووە بۆ بازرگانیكردن و بڕیاریشە لە دوو مانگی داھاتوودا، دوو كۆنفڕانسی گەورەی ئابووری لە نێوان ھەرێم و ئوردن و ھەرێم و باكووری كوردستان ساز بدرێن، جگە لەوەش چەندین شاندی دیكە لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بێنە ھەرێمی كوردستان بۆ كاری بازرگانی، بۆیە چاوی بازرگانانی جیھان لەسەر ھەرێمی كوردستانە".
بڵند ئیبراھیم




