ماڵپهڕی KDP ئەو لیژنانەی سەرۆكایەتییەكەیان بەر پارتی دەكەوێت ئاشكرا دەكات

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، ناوی ئەو لیژنانەی سەرۆكایەتییەكەیان بەر فراكسیۆنی پارتی دەكەوێت، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتیی سەرجەم لیژنەكان یەكلا دەكرێنەوە و رێككەوتنیشیان لەبارەوە كراوە.
پێشەوا هەورامانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە پاش هەشت كۆبوونەوە بۆ ئێوارە فراكسیۆنەكان گەیشتنە رێككەوتن لەبارەی سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنەكان، ئەمڕۆ سێشەممە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەرپەرشتی هەڵبژاردنی لیژنەكان دەكات لە چەند كاتێكی جیاوازدا و هەر لیژنەیە و كاتێكی بۆ دیاری كراوە تاوەكو سەرۆك و جێگر و بریاردەریان بۆ دیاری بكرێت".
گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی ئەو لیژنانەی بۆیان دیاری كراوە لەرێككەوتنەكەدا، گوتی: "فراكسیۆنی پارتی سەرۆكایەتیی حەوت لیژنەی بەردەكەوێت بەپێی رێككەوتن لەگەڵ سۆشیالیست كە لیژنەیەكی بەر ئەوان دەكەوێت، بۆیە ئەوانەی فراكسیۆنی پارتی بریتین لە سەرۆكایەتیكردنی لیژنەی یاسایی و پەروەردە و تەندروستی و پێشمەرگە و شەهیدان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پەیوەندییەكانی دەرەوە".
هەورامانی ، دەشڵێت، لە دوای پێكهێنانی حكوومەت، دەست بە جیاكردنەوەی ژمارەیەك لیژنە دەكرێت، كە چواریان دیاری كراون، بۆ نموونە پێشمەرگە و ناوخۆ و ئافرەتان و مافی مرۆڤ و شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاوەدانكردنەوە، كە لیژنەی فراوانن و پێویستە لێك بكرێنەوە و بكرێن بە دوو لیژنە، ئەمەش بۆ ئەوەی لیژنەكان بە تەواوی كار لە بوارەكانیاندا بكەن.
نەشوان بەرزنجی




