جوان حەسەن: بەردەوامیی ڕەوشی كەركووك، كورد ئاوارە دەكاتەوە
__2019_03_18_h15m36s6__HK.jpg)
كەركووك-KDP.info- بەھۆی ڕەوشی ئاڵۆزی كەركووكەوە، تا دێت شارەكە بەرەو ناسەقامگیریی زیاتر دەچێت، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیش دەڵێ، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەك عەرەبی شۆڤێنی لە داقووق جێگیر كراون، كە مەبەستیان زەوتكردنی زەویی كوردە.
جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرای كرد: "پڕۆسەی بەعەرەبكردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە، ھەرچەندە دوای پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا باشترە، بەڵام ڕەوشی كەركووك تا ئاسایی نەكرێتەوە، پێشێلكارییەكان بەردەوام دەبن."
ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دواپیلانی پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، ئەوەیە كە ژمارەیەكی بەرچاو عەرەبی شۆڤێنیی سەردەمی بەعسی لە قەزای داقووق جێگیر كردوون و دەیانەوێ زەویی كورد داگیر بكەن، چونكە سەردەمی ڕژێمی بەعس ئەو زەوییانە كە ھی كورد بوون، بەسەر بەعسییەكاندا دابەش كرابوون و ئێستاش كە كورد لەوێ دەسەڵاتی نییە، دەیانەوێ داگیریان بكەنەوە".
حەسەن ڕوونی كردەوە: "ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كەركووك پێویستی بە ڕێككەوتنی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا ھەیە، چونكە بەو شێوەیە كورد ناتوانێ لە كەركووك بەردەوام بێت، هەروەها بەھۆی نەبوونی دەسەڵاتەوە كورد ناتوانێت بەرەنگاری بڕیارەكانی ئیدارەی ئێستای كەركووك ببێتەوە، بۆیە پێم وایە بەردەوامیی ڕەوشی ئاڵۆزی كەركووك، دەبێتە ھۆی ئەوەی ھاووڵاتیانی كورد خانووەكانیان بفرۆشن و بەرەو ھەرێمی كوردستان ئاوارە ببن".
قائید میرۆ




