٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی قادر: چوار بنكەی بایۆمەتریی دەنگدەران لە ھەولێر كراونەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- لە ھەولێر ژمارەیەك بنكەی بایۆمەتریی دەنگدەران كراونەتەوە و هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی ئەو بنكانە بكەن بۆ خۆتۆماركردن، شارەزایەكی ھەڵبژاردنیش دەڵێ، ھەڵبژاردن مافی یاسایی هاووڵاتیانە و پێویستە ھەموو دەنگدەرێك بەشداری لە بایۆمەتریدا بكات.

عەلی قادر، سەرۆكی فەرمانگەی پارێزگای ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ده‌ڵێ، چوار بنكەی كۆمسیۆن لە سنووری پارێزگای ھەولێر بە ڕووی هاووڵاتیاندا كراونەتەوە و ئەو كەسانەی بەشدارییان لە پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگداندا نەكردووە، دەتوانن ھەر كاتێك بیانەوێ خۆیان لەو سیستەمە نوێیەی كۆمسیۆندا تۆمار بكەن.

لای خۆشیەوە، ھۆگر چەتۆ، رێكخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی ھەڵبژاردنەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پێویستە لایەنە سیاسییەكان و حكوومەت و راگەیاندنەكان ھانی هاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان بدەن بۆ بەشداریكردن لە پڕۆسەی بایۆمەتریی دەنگدەراندا و ناوی خۆیان تۆمار بكەن.

عەلی قادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، پێویستە ھەموو هاووڵاتیان بەشداری لە بایۆمەتریی دەنگداندا بكەن، چونكە ھەر پڕۆسەیەكی ھەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام بدرێت، ھیچ دەنگدەرێك بە بێ كارتی نوێی بەشداریی بایۆمەتری، مافی بەشداریكردنی لە ھەڵبژاردندا نابێت و بێبەش دەكرێت.

چەتۆ ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ھەموو كارتەكانی پێشووی دەنگدان بەتاڵ دەبنەوە و بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنەكاندا تەنیاكارتی نوێی دەنگدان كاری پێدەكرێت، واتە ھەر هاووڵاتییەك بایۆمەتریی نەكردبێت و كارتی نوێی نەبێت، بە ھیچ شێوەیەك ناتوانێت دەنگ بدات، كە مافێكی یاسایی ھەر دەنگدەرێكە بڕیار لە ھەڵبژاردنی نوێنەری خۆی بدات.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار