خۆشناو: بە بێ سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆ دەبنەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بۆ یەكلاكردنەوە و گەیشتنە رێككەوتن لەبارەی سەرۆكایەتیی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە، سەرۆك فراكسیۆنەكان لە نێوان خۆیاندا كۆ دەبنەوە.
لە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی ڕابردوو 12-3-2019، 14 لیژنەی پەرلەمانی كوردستان دەنگیان بۆ درا و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆش دەبێت لە ماوەی هەفتەیەكدا سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنەكان دیاری بكرێن.
ئومێد خۆشناو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ یەكشەممە سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ وەكوو سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە نێوان خۆماندا كۆ دەبینەوە بە بێ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، كۆبوونەوەكەش تایبەتە بە بابەتی سەرۆكایەتیكردنی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان".
خۆشناو دەشڵێ: "لە قۆناغی یەكەمدا ئەندامەكان دابەش بوون بەسەر لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەماندا و هەر فراكسیۆنە و بەپێی بەركەوتەی خۆی ئەندامی بەركەوت، ئەمڕۆش گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی لیژنەكان دەكەین، كە بریتین لە سەرۆك و جێگر و بڕیاردەر."
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەش دا: " سبەی دووشەممە فراكسیۆنەكان بە ئامادەبوونی سەرۆكایەتیی پەرلەمان جارێكی تر كۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی بزانرێت گەیشتووینەتە چ ئەنجامێك تا لە رۆژی سێشەممە سەرۆكی پەرلەمان بانگهێشتی لیژنەكان بكات و خشتەیەك دابنرێت و هەر لیژنەیەك بەپێی خشتەی خۆی هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی بكات".
گوتیشی: "ئومێد دەكەین وەك فراكسیۆنەكان بگەین بە رێككەوتن لەسەر ئەو بابەتە و تێگەیشتنێكی هاوبەشمان هەبێت، بەڵام ئەگەر رێككەوتن و تێگەیشتنیش نەبێت، ماددەكانی پەیڕەوی ناوخۆ ڕوونن، بەوەی كە دەستەی سەرۆكایەتیی لیژنەكان بە هەڵبژاردن دەبێت، ئەو كاتەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیش خشتەكە دادەنێ، هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی لیژنە هەمیشەییەكان دەكرێت".
نەشوان بەرزنجی




