٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ شاندێكی ئابووریی یەكێتیی ئەورووپا دێتە ھەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی ژووری بازرگانیی ھەرێمی كوردستان گوتی، شاندێكی ئابووریی یەكێتیی ئەورووپا، ئەمڕۆ دەگاتە ھەرێمی كوردستان و دەیانەوێت لێرە كاری وەبەرھێنان بكەن. دەشڵێ: "ئێمە هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكەین".

دارا جەلیل خەیات، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ شاندێكی ئابووریی یەكێتیی ئەورووپا لە وڵاتی بەلجیكاوە سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن و ئێمەش پێشوازیان لێ دەكەین، كە بڕیارە سبەینێش لە ژووری بازرگانی كۆنگرەیەكمان ھەبێت و لەوێ باسی ھەموو وردەكارییەكان دەكەین".

خەیات گوتیشی: "مەبەست لەو سەردانە، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپایە، بە تایبەت لە بواری ئابووریدا، چونكە ئەوان دەیانەوێت لە ھەرێمی كوردستان كاری بازرگانی و وەبەرھێنان بكەن، هەر لەبەر ئەوەش ئەو شاندە دێت كارەكان دەبینێت و دواتریش كە دەگەڕێنەوە بۆ بەرپرسانی خۆیان لە وڵاتانی ئەورووپا باسی هەرێم دەكەن تا بازرگانان و وەبەرهێنەرانیان بێنە ھەرێمی كوردستان كار بكەن، ئێمەش ھەموو ھاوكاری و ئاسانكارییەكیان بۆ دەكەین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار