٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. سامان: ناكرێ به ھیچ بیانوویەك پێكھێنانی حكوومەت دوا بخرێت

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستاندا تێدەپەڕێت و ھێشتا كابینەی نوێی حكوومەت پێك نەھاتووە، كەسایەتییەكی سیاسییش ئاشكرای كرد، ناكرێت لە ژێر ھیچ بیانوویەك چیتر پڕۆسەی سیاسی و پێكھێنانی كابینەی حكوومەت دوا بخرێت.

دكتۆر سامان شاڵی، كەسایەتیی سیاسیی كورد پێی وایە، ئەركی ھەموو لایەنەكانە كار بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەن، ئەو لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێَت: "زۆر ناخۆشە لەو كاتەوەی ھەڵبژاردن كۆتایی ھاتووە تا ئێستا لایەنەكان نەتوانن كابینەی نوێی حكوومەت پێك بێنن، بێگومان خواستی میللەت ئەوەیە لە كاتێكی زوودا حكوومەتی نوێ دابمەزرێت و پەرلەمان بكەوێتە سەر پێ، بەڵام ئەگەر درێژەی ھەبێت و سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان كارا نەكرێتەوە و كابینە پێك نەیەت، ئەركی لایەنەكانە بێنە دەنگ، بە تایبەتی پارتی وەك ھێزی براوەی ھەڵبژاردنەكان".

ئەو كەسایەتییە سیاسییە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پشوودرێژی بۆ گەیشتن بە رێككەوتن سنووری ھەیە و نابێت كات بە كراوەیی بمێنێتەوە لە ھەمبەر ھەندێ لایەن و ببێتە ئەگەری دواكەوتنی پڕۆسەكە، ھیوادارم یەكێتییش بەر لە نەورۆز پابەندی رێككەوتنی خۆی بێت لەگەڵ پارتی و رێز لە ئیمزای كاك كۆسرەت و كاك نێچیرڤان بگرن، ناشكرێت لە ژێر ھیچ بیانوویەك پێكھێنانی حكوومەت دوا بخرێت".

لەبارەی ھەنگاوەكانی پارتی بەرەو پێكھێنانی كابینەی نوێ، دكتۆر سامان دەڵێت: "پارتی سەبری ھەبووە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكان و ھەنگاوی باشی ناوە بەرەو چارەكردنی كێشەكان و پڕۆسەی پێكھێنانی كابینەی نوێ، دوای نەورۆز پێویستە پارتی ھەنگاوی جیددی بنێت بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێ، چونكە خەڵك دڵی خۆشە مووچە ئاسایی بووەتەوە و تەنھا لایەنەكان ناگەن بە ئەنجامێك، داواش لە پارتی دەكەم تۆزێكی دیكە نەفەسی درێژ بێت تا دوای نەورۆز، بەڵام لەوە زیاتر نا، چونكە كاریگەریی خراپی دەبێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار