شنگال.. بەڵگەكان لە زیادبووندان و یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدهدرێتەوە

دهۆك-KDP.info- بەرپرسی دەستەی كۆكردنەوەی بەڵگەكان بۆ بەجینۆسایدناساندنی كەیسی كۆمەڵكوژیی شنگال لە پارێزگای دهۆك ڕایگەیاند، كۆكردنەوەی بەڵگەی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژییەكە لە زیادبووندان.
بریارە سبەی بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چەندین كەسایەتی و وەزارەت و دەستە، یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵ لە شنگال هەڵبدرێتەوە.
دادوەر ئەیمەن مستەفا، بەرپرسی دەستەی كۆكردنەوەی بەڵگەكان بۆ بەجینۆسایدناساندنی كەیسی كۆمەڵكوژیی شنگال، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "كەیسی جینۆسایدی شنگال پێویستی بە چەندین بەڵگە هەیە، ئێستاش كاری باشمان كردووە و بەڵگەی باشیشمان لە بەردەستە بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەم كۆمەڵكوژییە گەورەیە".
ناوبراو گوتیشی: "لە كۆمەڵكوژییە گەورەكەدا، ٦٨ گۆڕی بەكۆمەڵ هەن، كە هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان دەبێتە پاڵپشتییەكی بەهێز و بەڵگەی زۆریشمان لە بەردەستدا دەبن بۆ ناساندنی ئەم كەیسە بە جیهان".
حەسۆ هورمی، شارەزا لە كەیسی بەجینۆسایدناساندنی ئێزدیان ڕایگەیاند، ئێستا كاری باش لەسەر ئاستی جیهان بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی شنگال كراوە و ئەوەی بەسەر ئێزدییاندا هاتووە بە هەموو پێوەرێك جینۆسایدە.
ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە چەندین پەرلەمانی وڵاتانی دونیاوە ددان بە جینۆسایدی ئێزدییاندا نراوە، بەڵام ئەوەی ماوە لە ڕووی یاساییەوە ددانی پێدا بنێن، چونكە لە رووی یاساییەوە گرنگە".
كــاروان بــاعەدری




