٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عیسا: نامەی سەرۆك بارزانی گەیاندرانە زاخۆ.. شێخۆ: زاخۆ سەرمەشقی شۆڕش بووە

سەرچاوە: KDP.info

 زاخۆ-KDP.info- ئەمڕۆ ٢٨ ساڵ بەسەر راپەڕینی قەزای زاخۆ دەرباز دەبێت و بەشدارێكی راپەڕینی زاخۆش باس لە ساتی دەستپێكردنی راپەڕینی زاخۆ دەكات، كە چۆن پێشمەرگە پەلاماری بنكەی ئەمن و پۆلیسی ناحیەی دەركاری دا و دەڵێ، سەرۆك بارزانی بەر لە دەستپێكردنی راپەڕینی زاخۆ، لە رێگەی دكتۆر كەمال كەركووكییەوە ژمارەیەك نامەی بۆ زاخۆییەكان نارد تا خۆیان ئامادە بكەن.

ساڵح عیسا، بەشداربووی راپەڕینی زاخۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "دوای ئەوەی لە رانیە راپەڕین دەستی دەستی پێكرد، رۆژانی بەر لە ١٣ی ئادار ئێمەیش لە دەڤەری زاخۆ دەستمان بە خۆ ئامادەكردن بۆ راپەڕین كرد، لە رێگەی دكتۆر كەمال كەركووكییەوە پێنج نامەی سەرۆك بارزانی گەیاندرانە زاخۆ بۆ ئەوەی ئێمەیش دەست بە راپەڕین بكەین، راپەڕینی زاخۆ زۆر كەس تێیدا بەشدار بوون".

ئەو بەشداربووەی راپەڕینی زاخۆ باس لە یەكەم ساتی راپەڕینی زاخۆ دەكات و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "سەرەتا ھێزی پێشمەرگە بە ھاوكاری و بەشداریی شانە رێكخستنەكانی ناوشار لە ناحیەی دەركاری نزیك زاخۆ ھێرشیان كردە سەر بنكەیەكی پۆلیس و پۆلیس و ئەمنەكانی نێو بنكەش بەرگریی سەختیان كرد، بەڵام پێشمەرگە توانییان بەرپرسی بنكە بكوژن و دەست بەسەر شارەدێی دەركاردا بگرن، بەداخەوە بەھۆی بەرگریی رژێمەوە ژمارەیەك شەھید و بریندارمان ھەبوو".

لەبارەی رۆڵ و ھەڵوێستی زاخۆییەكانەوە، عیسا گوتی: "جەماوەری زاخۆ رۆڵی بەرچاویان ھەبوو، كە دەڵێم لە دەركار راپەڕین دەستی پێكرد، مەبەستم ئەوەیە سەرەتا دەمانویست لە شوێنێك راپەڕین دەست پێبكەین و بزانین رژێم بەرگری دەبێت یاخود نابێت، دوای ئازادكردنی دەركار ھەر لە رۆژی ١٣ی ئادار پێشمەرگە و رێكخستن و خۆبەخشان دابەشی سەر رەبایەكانی دەوروبەری زاخۆ كران و ھەر ئەو رۆژە زاخۆ لە بەعس و دام و دەزگاكانی پاك كرایەوە، بەداخەوە دەیان شەھید و بریندارمان ھەبوو، بەڵام ئازادییەكە ھەموو شتێكی لەبیر بردینەوە".

ساڵح عیسا روونی كردەوە: "راپەرینی زاخۆ زۆر سەخت بوو، چونكە ئێمە لە بنكەی شۆڕش دوور بووین، لایەك لە دھۆك و زاخۆ رژێمی تێدا بوو و لە لایەكی دیكە توركیا بوو، ئەو لایەی پێشمەرگەی تێدا بوو لە چیاكان لە سەركردایەتیی شۆڕش دوور بووین، لە بیرمە بەرەی كوردستانی و سەركردایەتیی پارتی لە ناوچەی نێروە رێكان بە نامە و برووسكەی ئێزگە ئێمەیان لە ھەموو شتێك ئاگادار دەكردەوە".

شڤان شێخۆ، كارگێڕی لقی ھەشتی پارتی لە زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "زاخۆیەكان لە ھەموو شۆڕشەكاندا رۆڵی بەرچاویان ھەبووە، لە شۆڕشی ئەیلوولدا زاخۆ پێگەیەكی بەھێزی شۆڕش بوو و زۆرترین پێشمەرگەی ھەبوو، لە راپەڕیندا زاخۆ بووە دەروازەی راپەڕینی ھەموو بادینان، بەڵام مەبەستمە ئاماژە بە رۆڵی ئەوكاتی زاخۆییەكان و ئێستایش بەراوردێك بكەین، زاخۆ لە قۆناغی خەباتی ئاوەدانییش پشكی شێری بەركەوتووە، ئەو قسەیە زۆر باوە لە كوردستان زاخۆ پارتییە و گرەوی لەسەر ناكرێت، چونكە لە ھەموو پڕۆسەیەكدا رۆڵ و پێگەی زاخۆییەكان دیارە".

شێخۆ ده‌شڵێ: "ھەر كاتێك شۆڕش لە كوردستان دەستی پێكردبێت، زاخۆ سەرمەشقی ئەو شۆڕشە بووە، لە ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی كوردستانیشدا دەركەوت ئەو پێگە و كوردایەتییەی زاخۆ ھێندەی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ گەرمە و تا دنیا ھەبێت زاخۆییەكان لە كوردایەتیی خۆیان كۆڵ نادەن".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار