٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی و یەكێتی لیژنەیەكی هاوبەش بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك پێك دێنن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك _ گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند، بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان پارتی و یەكێتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك پێك بێت و دواتر ئەو لیژنەیە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەكات.

دیاری حوسێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان پارتی و یەكێتی دروست بكرێت بۆ چارەسەركردنی دۆخی كەركووك و بەغدا، چونكە پێویستە كێشەكانی كەركووك لە رێگەی بەغداوە چارە بكرێن و سەرۆكوەزیران بڕیار بدات بەوەی كە ھێزەكان كەم بكرێنەوە و ئەو بەرپرسانەی لادراون بچنەوە سەر كاری خۆیان و بارەگاكانی پارتی بگەڕێنەوە، چونكە حەشدی شەعبی باڵادەستە و پێویستە بەغدا بڕیاری لەسەر بدات".

گوتیشی: "ئێمە لیژنەیەكمان ھەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و بڕیارە لیژنە ھاوبەشەكەش بە زووترین كات دروست بكرێت و ئێمەش لە رێگەی لیژنەكەی خۆمانەوە ھەموو داواكارییەكانی خۆمان گەیاندووەتە بەغدا".

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك _ گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگەیاند: "ھەوڵەكانی ئێمە بەردەوامن بۆ ئەوەی دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و سەرجەم كێشەكانیش چارەسەر بكرێن، چونكە ناكرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت، بۆیە ھەر چۆنێك بێت كێشەكان چارەسەر دەكرێن، بەڵام پێویستی بە كات ھەیە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار