٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دوای ھەڵبژاردنی لیژنە ھەمیشەیییەکانی پەرلەمان، ھەنگاوی داھاتوو ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی زەرد گوتی، ئەمڕۆ لیژنە ھەمیشەیییەکانی پەرلەمان دیاری کران و سبەیش سەرۆکفراکسیۆنەکان کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی سەرۆکایەتیی لیژنەکان ھەڵبژێردرێن، کە ئەویش بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن دەبێت و ھەنگاوی داھاتووی پەرلەمان ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم دەبێت.

بەھمەن کاک عەبدولڵا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان دەنگ لەسەر سەرجەم لیژنە ھەمیشەیییەکانی پەرلەمانی کوردستان درا و دابەشکردنی لیژنەکانیش لەسەر بنەمای ئیستحقاقی ھەڵبژاردن و بە لەبەرچاوگرتنی بسپۆڕیەتی و دەسەڵاتی پەرلەمان بۆ دابەشکردنی ئەندامان بۆ سەر لیژنەکان بوو، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا یەکێتی بەشداریی نەکرد و تەنیا ناوی ئەندامانی خۆیان پێشکەش کردبوو، دەنگیان لەسەر درا."

بەھمەن کاک عەبدولڵا گوتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرجەم لیژنەکان ئەندامی ھەیە و سبەش سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆ دەبنەوە بۆ بڕیاردان لەبارەی دیاریکردنی دەستەی سەرۆکایەتیی لیژنەکان کە ئەویش بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن و سیستەمی سانتلیگۆ دەبێت."

گوتیشی: "چاوەڕێ دەکرێت پارتی سەرۆکایەتیی ھەشت لیژنە و ھەشت جێگر و ھەشت بڕیاردەری لیژنەکانی بەربکەوێت." ئەوەیشی خستە ڕوو: "لە یەکەم ھەنگاوی داھاتووی پەرلەماندا یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم ھەموار دەکرێتەوە و سەرۆکی ھەرێم ھەڵدەبژێرن."

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار