٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەسرۆ گۆران: پارتی رێکارە یاساییەکان دەگرێتە به‌ر بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق داوای لە قەوارە سیاسیەکان کرد خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئامادەبکەن، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە پارتی دیموکراتی کوردستان رێکاری یاسایی بگرێتە بەر بۆ بەشداریکردن لەو پڕۆسەیەدا.
 
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "ئەمڕۆ بەشی یاسایی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی رێکارە یاساییەکان دەگرێتە بەر بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و ھەر ئەمڕۆ ئەو بڕە پارەیەی بۆ قەوارەکان دیاری کراوە لەبانک دادەنێرت، چونکە ئێمە پێمانوایە گرینگە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەبچێت، پارتی لە مووسڵ و دیالە و ئەگەر کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە لە کەرکووک وەک ھێزی یەکەمی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەشداری کارای دەبێت.
 
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی گوتیشی، "کۆمسیۆن بڕیاری داوە کۆتایی ئەمساڵ پڕۆسەی هه‌ڵبژاردن بەڕێوەبچێت و داوای تۆمارکردنی قەوارەکانی کردووە، بەڵام ھێشتا پەرلەمان و لایەنەکانی دیکەی عێراق ھەڵوێستی کۆتاییان لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە مانگی ١١ی ئەمساڵ پیشان نەداوە.
 
پەیوەست بە پرسی پارێزگای کەرکووک گۆران دەشڵێت، "تەنھا یەک خولی ھەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٠٥ لە کەرکووک بەڕێوەچووە، لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٤ ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجامنەدراوە، لەبەر ئەوە بەلامانەوە زەروورە ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت.
 
بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی مەرجی بەشداریکردنی پارتی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کەرکووک ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێ، "مەرجی بەشداریکردنی پارتی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کەرکووک ئاسایی کردنەوەی رەوشی کەرکووک و دەرچوونی حەشدی شەعبیە، چونکە کەرکووک رەوشێکی تایبەتی ھەیە و نابێت بەو ئالۆزیەی لە کەرکووک ھەیە ھەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، پێمانوایە کەرکووک پێویستی بە یاسایەکی تایبەتە.
 
قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار