٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قەبارەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٥٠ ملیار دۆلار

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان گوتی، ئابووریی ھەرێمی کوردستان ئێستا بەردەوام لەگەشەدایە و بەراورد بە پارێزگاکانی عێراق گەشەی زۆری کردووە و ئێستا قەبارەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٥٠ ملیار دۆلار. ئاماژەشی دا، بڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی ژمارەیەکی زۆر بازرگان و دەوڵەمەندی لە مایەپووچبوون ڕزگار دەکات.

گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان، مەلا یاسین مەحموود، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان بۆ کەرتی وەبەرھێنان لە ھەموو ڕوویەکەوە لە عێراق باشترە، لەبەر ئەوەی گەشەی ئابووری بەردەوام لەزیادبووندایە و قەبارەی وەبەرھێنان گەیشتووەتە ٥٠ ملیار دۆلار و، وەبەرھێنانی دەرەکی و ھاوبەش ٣٠%ی کەرتی وەبەرھێنان لە خۆیان دەگرن، کە نزیک دەبێتەوە لە ١٦ ملیار دۆلار."

مەلا یاسین مەحموود گوتیشی: "لە ماوەی ڕابردوو لە ١٣ سێکتەری جیاواز کاری وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان کراوە و ئەو سێکتەرانەی گرنگن بۆ ھەرێمی کوردستان، سێکتەری پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاریش دەگرێتەوە."

مەحموود باسی لەوەش کرد: "لابردنی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران پارەیەکی باش بۆ وەبەرھێنەران دەگەڕێنێتەوە، چونکە ئەو فەرمانبەرانەی بە ھۆی پاشکەوتکردنی مووچەکەیان نەیانتوانیووە قیستەکانی وەبەرھێنەران بدەنەوە، ئینجا قیستی خانوو بەرە بێت، یاخود ئۆتۆمبێل، یاخود موبیلیات، یاخود کارەبایی، لەمەولا دەتوانن قیستەکانیان بدەنەوە."

ئەوەیشی خستە ڕوو: "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارێکی ئیمزا کردووە کە خاوەن قەرزەکانی بواری بازرگانی دەتوانن سوود لە چەکی بەڵێندەرایەتی ببینن، کە ئەمەش سوودی زۆری دەبێت بۆ ئەوەی بازاڕ بجووڵێتەوە و ژمارەیەکی زۆر دەوڵەمەند و بازرگان لە مایەپووچبوون ڕزگاریان بێت."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار