٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی ٦٩ ئەندامی لیژنەی هەمیشەیی لە پەرلەمان دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارەیەكی زۆری ئەندامی لێژنە هەمیشەیییەكانی پەرلەمانی كوردستانی دەبێت. ئەوەش بە بەركەوتەی ژمارەی كورسییەكانیەتی لە پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانتارێكی ئەو حزبەش دەڵێت: "كەسانی پسپۆڕ و تایبەتمەندیان داناوە".

پەرلەمانی كوردستان ١٦٥ ئەندامی لێژنەی هەمیشەیی هەیە. سۆسەن محەمەد میرخان, ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی  گوت: "پارتی دیموكراتی كوردستان ٦٩ ئەندامی لێژنەی هەمیشەیی وەبەر كەوتووە، بڕیارە لەسەر ئەو پرسەش كۆبوونەوەی دیكەمان لەناو خۆماندا هەبێت، بەپێی ژمارەی كورسییەكانیش پارتی ٦ تا ٧ سەرۆك لیژنەی وەبەر دەكەوێت و لە سەرجەم لێژنەكانیش جێگر و بڕیاردەری وەبەر دەكەوێت".

سۆسەن محەمەد میرخان گوتی: "لەسەر پرسی بڕیاردەر و جێگری سەرۆك لێژنەكان پەلە ناكرێت، تا بزانرێت بەركەوتەی حزبەكان لە حكوومەت چۆنە، بۆ ئەوەی هەماهەنگی لە نێوان پەرلەمان و حكوومەتدا هەبێت".

میرخان ڕایشیگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان كەسانی پسپۆڕ و شارەزای بۆ سەرجەم لیژنەكان داناوە."

كارزان سەباح

 

هەواڵی پەیوەندیدار