ئەمڕۆ جه‌ماوه‌رى ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش سەردانی مەزاری نەمرانیان كرد

بارزان-KDP.info- سەردانی چینوتوێژەكانی كوردستان بۆ سەر مەزاری نەمران لە بارزان بەردەوامە، ئەمڕۆش ژماره‌یه‌كى زۆر له هاووڵاتییانى سنوورى هه‌ردوو قه‌زاى ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش بۆ نوێكردنەوەی سۆز و پەیمان بۆ ئەم ڕێبازە پیرۆزە سەردانی مەزاری نەمرانیان كرد.
له بارزان بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و بەرخۆدانی سەركردە و باوكی ڕۆحیی نەتەوەی كورد و دووپاتكردنەوەی پەیمان و سۆز لەگەڵ ڕێبازی بارزانیی نەمر ساڵانە لە ته‌واوى چینوتوێژە جیاجیاكانی هه‌رێمى كوردستان و كوردستانیانی پارچەكانی دیكە و خه‌ڵكى بیانى سەردانی مەزاری نەمران دەكەن.
ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه جه‌ماوه‌رێكى زۆر له سنوورى لقى نۆ له هه‌ردوو قه‌زاى ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش سه‌ردانى مه‌زارى نه‌مه‌رانیان له بارزان كرد و، دوای ئه‌وه ى له لایه‌ن خه‌لات بارزانى، نوێنه‌رى سه‌رۆك بارزانییەوە پێشوازییان لێ كرا، دواتر تاجەگوڵینه هاته‌دانان و سۆز و پەیمانیان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر دووپات كردەوە و بەڵێنیان دا لەسەر ئەم ڕێبازە درێژە بە خەبات بدەن.
له لێدوانێكى تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، سه‌باح به‌یتوڵڵا، به‌رپرسى لقى نۆى پارتی دیمو‌كراتى كوردستان له‌سه‌ر مه‌زارى نه‌مران ڕایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ جه‌ماوه‌رى لقى نۆ له هه‌ردوو سنوورى ئاكرێ و به‌رده‌ڕه‌ش به هه‌موو چینوتوێژەکانەوە سه‌ردانى مه‌زار نه‌مرانمان كرد بۆ ئه‌وه‌ى سۆز و وه‌فاداریى خۆمان بۆ ڕێبه‌رى نه‌ته‌وه‌ییى كورد، بارزانى نه‌مر دووباره بكه‌ینه‌وه، ئه‌و ڕێبه‌ره‌ى میلله‌تى كوردى له دنیا دایه ناساندن و شه‌ست ساڵى ته‌واو ژیانى خۆى بۆ كورد و كوردستان ته‌رخان كرد و ئه‌و ڕێبه‌رەی ناوى كوردستان به ئه‌وەوە گرێ دراوه، هه‌روه‌ك هه‌ژارى موكریانى ده‌ڵێ: "به كێ بلێى كوردستانیم/ پێت ده‌ڵێ بڵێ بارزانیم."
بەیتوڵڵا گوتیشى: "ئێمه ئه‌مڕۆ هاتووین به ڕێبه‌ر و سه‌ركرده‌ى مه‌زنى نه‌ته‌وه‌ى كورد بڵێین هه‌تا دواهه‌ناسه له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه ده‌ڕۆین و ئه‌و ڕێبازه ڕاسته‌قینه‌یەی ئه‌و دایناوه، میلله‌تى كورد ده‌گه‌یەنێت به قۆناغى ڕزگاریى یه‌كجاره‌كى و به پشتیوانیى خوا له‌سه‌ر ده‌ستى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، میلله‌تى ئێمه به‌و ئامانجه شاد ده‌بێت كه ئاواكردنى ده‌وڵه‌تى کوردستانە."
دكتۆر نارین عومه‌ر، پزیشک، له‌سه‌ر مه‌زارى نه‌مران له لێدوانێكدا بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان گوتى: "ئه‌مڕۆ وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ خەبات و تێكۆشانی بارزانی نەمر كە زیاتر لە نیوسەدە خەباتی كردووە بۆ ئەوەی گەلەكەی بە ئازادی بژى، هاتووین سۆز و په‌یمان بده‌ین و بڵێین له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه به‌رده‌وام ده‌بین، چونكه هه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌یه ده‌توانێت كوردستان بگه‌یەنێت به هیوا و ئاواته‌كانى، كه ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردستانە."
نه‌شوان به‌رزنجى





