پشتیوان سادق لە ڕۆژی جلوبەرگی نیشتمانیدا كوڕ و كچی شەهیدانی بەسەر كردەوە
هەولێر-KDP.info- دكتۆر پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە ڕێكەوتی (10/3/2019)، لە ڕۆژی جلوبەرگی نیشتمانیدا سەردانی قوتابخانەی سەروەرانی نێودەوڵەتیی لە شاری هەولێر كرد و كوڕ و كچی شەهیدانی بەسەر كردەوە.
لە مەراسیمێكدا دوو قوتابی كە لە پێشوازیی وەزیری پەروەردە وەستابوون، باسی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی مەراسیمەكەیان بۆ منداڵانی شەهیدی شەڕی دژ بە داعش كرد، كە لە نێو قوتابخانەكە دەخوێنن.
لە درێژەی مەراسیمەكەدا، قوتابیانی قوتابخانەكە هەردوو سروودی (ئەی ڕەقیب) و (ئێمە نەوەی سەروەران)ـیان پێشكەش بە ئامادەبووان كرد و پاشان وەزیری پەروەردە هاوڕێ لەگەڵ بەرێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر، دیارییان پێشكەش بە منداڵانی شەهید كرد. مەراسیمەكە بە واژۆكردنی كتیبی "بەخت" كە لە لایەن قوتابی "ئایە سەربەست"ـەوە نووسرابوو، كۆتایی پێ هات. ئایە بچووكترین كچی كوردە كە ئەم ڕۆمانەی بە زمانی ئینگلیزی نووسیوە.
پاشان وەزیری پەروەردە هەر بەو بۆنەیەوە سەردانی قوتابخانەی (زیاری هاوڕێ)ی بنەڕەتیی تێكەڵاوی لە شاوێش كرد، كە قوتابیانی قوتابخانەكە چەندین چالاكییان بە بۆنەی ڕۆژی جلوبەرگی نیشتمانییەوە ئامادە كردبوو.
هەر ئەمڕۆش وەزیری پەروەردە بەشداریی مەراسیمێكی خانەی نەوجەوانانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی كۆمەڵایەتیی كرد، كە سەر بە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییە.
لەم مەراسیمەدا، كە بە بەشداریی بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی كۆمەڵایەتی ئەنجام درا، دكتۆر پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دیاریی قوتابیانی محەمەدی ماجدی پێشكەش بە زیاتر لە ٥٠ منداڵی بێسەرپەرشتی خانەكە كرد. ئەم دیاریانەش لە لایەن قوتابیانی پۆلی ۱۱ی زانستیی قوتابخانەی محەمەدی ماجدییەوە دابین كرابوون، كە بریتی بوون لە جلوبەرگی ڕازاوەی كوردی و بە بۆنەی ڕۆژی جلوبەرگی نیشتمانییەوە پێشكەش بە منداڵانی بێسەرپەرشتیار كرا.




