٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەحموود محەمەد: پارتی دەیەوێت حکوومەتێکی بەهێز و زۆرینە پێکبهێنێت.. سەردانی لایەنەکان دەکه‌ین

سەرچاوە: KDP.info
ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، راگەیاند، کە چەند پرسێکی گرینگ تاوتوێ کراون، وەک بارودۆخی ناوچەکە و ناوخۆیی، هاوکات دەشڵێ کات زۆر رۆشتووە و لە بەرژەوەندیماندا نییە، پێویستیشە کابینەیەکی بەهێز درووست بکەین، کە ببێتە پاڵپشت بۆ ئەوەی ئەو کێشانەشی لەگەڵ بەغدا هەمانە، ئەوانیش چارە بکەین.
 
ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی و ئامەدەبوونی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و یەدەک و بەرپرسی لق و مەکتەبەکان، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو، مەحموود محەمەد گوتەبێژی فەرمیی پارتی، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا بۆ مێدیاکان، رایگەیاند، کە ئەم قۆناغەی ئێستا پێویستی بە بیر و را گۆڕینەوە هەیە، لە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمان و یەکلاکردنەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، هاوکات ئێستاش هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چۆنییەتی سەرۆکایەتی هەرێم و راسپاردنی کابینەی نۆیەم، ئەوانە هەموو دەبێت قسە و باسیان لە بارەوە بکرێت.
 
هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئەگەرەکانی ناوچەکە
 
مەحموود محەمەد، تیشکیشی خستە سەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان، وەک ئەو دۆخەی ئێستا ناوچەکە تێیدایە و کاریگەری زلهێزەکان تێیدا هەیانە، هاوکات ئەو ململانێیانەی ئەوان لە ناوچەکەدا هەیانە، تا چەندە کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە هەرێم ناتوانێت بەدەر بێت لەو هەموو ململانێ و گۆڕانکارییانەی لەم ناوچانەدا روویان داوە، یا روو دەدەن، چ لە رووی سیاسی، چ لە رووی ئابووری، گوتەبێژی پارتی پێیوابوو دەبێت هەرێم بتوانێت بەرگەی هەموو ئەو ئەگەرانە بگرێت، بشزانن هەرێم لە کوێی ئەو هاوکێشە سیاسییانەدان و چۆن هەوڵ بدەن، کە زیان بە بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانیمان نەگات.
 
ناوخۆی هەرێم
 
وەک گوتەبێژەکەی پارتی رایگەیاند، بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییان پەیوەست بووە، بەو رێککەوتننانەی لەگەڵ لایەنەکان ئەنجام دراون، وەک بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی، وەکخۆی ئاماژەی بۆ کرد، لە پێناو ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە بووە، بۆ ئەوەی بزاوتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان جووڵەی پێ بکرێت، هەم بۆ ئەوانەی بەژداری کابینەی نوێ دەبن، هەم بۆ ئەوانەشی دەبنە ئۆپۆزسیۆن، هەر یەکە لە ئاست خۆیدا بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر پێشهاتەکان و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بزانێت، مەحموود محەمەد هەنگاوەکانی پارتی لەگەڵ لایەنەکان هەر بۆ ئەو مەبەستەش دەگەڕێنێتەوە، کە سەردانی لایەنەکانیان کردووە، بەو لایەنانەیش کە دەبنە ئۆپۆزسیۆن.
 
گوتیشی: "هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکهاتەی ئەم وڵاتەین، کەواتە پێویستە پێکەوە بیر لە چارەسه‌ری ئەو گرفتانە بکەینەوە، کە هاتوونەتە پێش، ئەم قۆناغە بە هەستیار دەزانین، بۆیە پێویستە بە شێوازێکی تەندرووست و سەردەمیانە خوێندنەوەی بۆ بکەین، تا نەهێڵین زیان بکەین".
 
هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ
 
سەبارەت بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، مەحموود محەمەد لە پرێسکۆنفرانسەکەدا بۆ مێدیاکان رایگەیاند، ئەو هەنگاوانەی دەستیان پێکردووە لە رابردوودا، ئەم چەند رۆژەش کە دانیشتنەکان راوەستاون، چاوەڕوانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکەن، کە خۆیان ساغ بکەنەوە، کە تەکمیلەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت، لەو بەرکەوتەی کە بەشی ئەوانە، کاندیدی خۆیانی بۆ دیاری بکەن، دواتر رێککارەکانی دیکە وەک کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت.
 
ناوبراو تیشکیشی خستە سەر ئەو کارانەی ئێستا لەسەر شانی پەرلەمانە، وەک یەکلاکردنەوەی لیژنەکانی ناو پەرلەمان، کە پێویست بەوەش دەکات فراکسیۆنی یەکێتیش بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان بن، تا بە پێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن چەند لیژنەیان بەردەکەوێت، یەکلا بکرێنەوە، دواتریش بۆ راسپاردنی سەرۆکی کابینەی نوێ لە پەرلەمانەوە ناو دەنرێت.
 
مەحموود محەمەد نەیشاردەوە لە چەند رۆژی دابێتدا، لەگەڵ یەکێتی دانیشتن دەکەنەوە، چاوەڕێی ئەوانن کە کۆبوونەوەی خۆیان بکەن و بە پێی ئەو رێککەوتنەی پێشتر کراوە، پارتی ئاگادار بکەنەوە لە یەکلاکردنەوەی کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان، گوتیشی: "کات زۆر تێپەڕیوە، تێپەڕینی کاتیش بە زیانی پرۆسەکەیە و دەبێت هەموومان بە خەمییەوە بین".
 
سەبارەت بە دۆخی بەغداش، ناوبراو ئاماژەیدا، کە هەوڵ هەیە نێوان پارتی و یەکێتی لەمەڕ بەغدا یەکبخرێتەوە، ئەوەش بەشێکە لەو گفتوگۆیانەی جەنابی سەرۆک لەگەڵ کۆسرەت رەسوڵ کردوونی، هەروەها بابەتی پەیوەست بە کەرکووکیش لەو کۆبوونەوەیەدا باسکراون، بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە، چۆنییەتی رێککەوتنە لەسەر ئەو پرسانە.
 
گوتەبێژی فەرمیی پارتی، نەیشاردەوە، کە تا ئێستا لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ یەکێتی باسی وردەکاری پۆستەکان نەکراوە، بەڵکو ئەوە بۆ داهاتوو هێڵدراوەتەوە، بەڵکو ئەوەی لە پێشدا باسکراوە، تەنیا بابەتی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بووە، گوتیشی: "چاوەڕێی یەکێتی دەکەین، کە لە چەند رۆژی دابێت، وەڵاممان بدەنەوە و دەست بە گفتوگۆکانمان بکەینەوە، لە بارەی ئەو وردەکاریانە، چونکە پێویستە کابینەیەکی بەهێز درووست بکەین، کە ببێتە پاڵپشت بۆ ئەوەی ئەو کێشانەشی لەگەڵ بەغدا هەمانە، ئەوانیش چارە بکەین".
 
 
خێڵان بەختیار
 
 

هەواڵی پەیوەندیدار