لیوا ھێرش بۆ KDP: كێشەی رەگەزنامە راگیراوەكان چارە دەكەین

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامەی ھەرێمی كوردستان دەڵێ، ئەو ھاووڵاتیانەی پێشتر ناویان لە تۆماری لاوەكیدا تۆكار كردووە، دەتوانن ھەموو كاروبارێك بە رەگەزنامەكانیان بكەن بێجگە لە دەركردنی كارتی نیشتیمانی.
حكوومەتی فیدڕاڵ كاروباری دەیان ھەزار ھاووڵاتیی ھەرێمی كوردستانی راگرتووە، ئەویش بە بیانووی ئەوەی ناویان پێشتر رەوانەی بەغدا نەكراوە و تەنیا لە تۆماری ھەرێمی كوردستاندا ھەن، كە پێی دەگوترێ تۆماری لاوەكی.
لەو بارەیەوە، لیوا ھێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامەی ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كێشەی ئەو ھاووڵاتیانەی ناویان لە تۆماری لاوەكیدا تۆمار كراوە ھێشتا بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و چارە نەكراوە، ئێمە شاندمان رەوانەی بەغدا كردووە و شاندی ئەوانیش سەردانی ھەرێمی كوردستانی كردوە، وەزیری ناوخۆ لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ لە ھەوڵدایە بۆ چارەكردنی ئەو كێشەیە".
بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە و نشینگەی ھەرێمی كوردستان دەڵێت: "راگرتن و دروستكردنی ئاستەنگ بۆ بەڵگەنامەی رەگەزنامەی عێراقی، ئێمە پێمان وایە زیاتر بابەتەكە سیاسییە و ھیچی تر نییە".
لیوا ھێرش ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەو ھاووڵاتیانەی ناویان لە تۆماری لاوەكیدایە و بەغدا رایگرتوون، دەتوانن بە رەگەزنامەكانیان ھەموو كاروبارەكانی فەرمانگەكان بەڕێوە ببەن و ھیچ ئاستەنگێكیان بۆ دروست ناكرێت، تەنھا لە كاتی دەرھێنانی كارتی نیشتیمانیدا ئاستەنگ بۆ ئەو ھاووڵاتیانە دروست دەبێت، ئەویش لە ئایندەیەكی نزیكدا چارە دەكرێت".
قائید میرۆ




