٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی ڕەشید: ھەر كه‌سێك نرخی شتوومەك بەرز بكاته‌وه‌ ئیجرائاتی توندی لەگەڵ دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر رایدەگەیەنێَت، لادانی پاشەكەوتی مووچە، ئامانجی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بوو و بڕیارێكی حەكیمانەیە. دەشڵێ، كاری جیددییان بۆ دانەوەی قەرزە پاشەكەوتكراوەكان كردووە.

لە 8ی 3ی 2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، بڕیاری ھەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچەی ڕاگەیاند.

پەیوەست بەو باسە، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، عەلی ڕەشید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بۆ ئەم بابەتە لەگەڵ قایمقامییەت و پارێزگای ھەولێر لەسەر هێڵین، لیژنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاش بە تایبەتی لیژنەی شارەوانی و لیژنەی تەندروستیمان لێ ئاگادار كردووەتەوە، چونكە ئەم لیژنانە بەشی سەرەكیی ئەم بازاڕەن و پارێزگاری ھەولێر و ئەنجوومەنی پارێزگاش بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون لە ھەر جێگایەك سەرپێچیەك ھەبێت و نرخی بازاڕ و شتوومەك بەرز بكرێتەوە، ئیجرائاتی توندیان لەگەڵ دەكرێت و خۆیان بەرپرسیار دەبن."

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، گوتیشی: "بازاڕی خۆراك و شتومەك كۆنتڕۆڵیان زیاتر لەسەرە و كەمتر دەتوانن سەرپێچی بكەن، بەڵام ڕەنگە نرخی زەوی و خانووبەرە و كرێی خانوو بەرز بكرێتەوە، ئەگەرچی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی كرێی خانوو ئەنجوومەن دەتوانێت تاڕادەیەك تەداخول بكات، بەڵام لەبارەی بەرزبوونەوەی زەوی و ئۆتۆمبێل و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئابوورییەوە ھەیە، ئەوا بازاڕ دەبێت خۆی كۆنتڕۆڵ بكاتەوە، بە دڵنیاییشەوە ئەو بابەتەی پەیوەندی بە قوتی ڕۆژانەی ھاووڵاتیانەوە هەیە، كۆنتڕۆڵی جیددی لەسەر دەبێت و بەدواداچوونی وردی بۆ دەكەین."

ڕەشید ئاماژەیشی دا: "بە دڵنیاییەوە ئەو بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت و ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە، بڕیارێكی حەكیمانە و گرینگ بوو، چونكە بڕیارێكە پەیوەندی بە ھەموو ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە، ئەمە یەكێك لە ئامانجەكانی حكوومەتی ھەرێم بوو."

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دەشڵێ: "لە داهاتوودا كار بۆ دانەوەی قەرزەكانی مووچەخۆران دەكەین، ھاووڵاتیان مافی خۆیانە قەرزە پاشەكەوتكراوەكانیان وەربگرنەوە، چونكە چاوەڕوانن، ماوەیەك دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگا پڕۆژەیەكی داوە بە پەرلەمانی كوردستان، كە بە چ شێوەزێك قەرزە پاشەكەوتكراوەكان بدرێنەوە بە ھاووڵاتیان، لە پڕۆژەی چاكسازیی پەرلەماندا خاڵی یەكەم و دووەم پەیوەندی بە پڕۆژەكەی ئەنجوومەنی پارێزگاوە ھەیە بۆ دانەوەی قەرزە پاشەكەوتكراوەكان، بەوەی كە ھەژمارێكی بانكی بۆ گشت فەرمانبەران و مووچەخۆران بكرێتەوە و ئەو پارەیەی كە هاووڵاتیان ھەیانە، بخرێتە سەر ھەژماری بانكییان."

 

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار