"هەڵەبجە لە شین و ماتەمینییەوە هەنگاو دەنێت بەرەو هیوا و ژیان"

هەڵەبجە-KDP.info- ڕۆژی 16/3ی هەموو ساڵێك، حكوومەتی هەرێمی كوردستان یادی مەرگەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دەكاتەوە، ئەمساڵیش بە دروشمی "هەڵەبجە بەرەو هیوا، هەڵەبجە بەرەو ژیان"، یادی 31 ساڵەی ئەو مەرگەساتە بەرز ڕادەگرێت.
كامەران مستەفا، گوتەبێژی مەراسیمی 31 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمساڵ بە دروشمی هەڵەبجە بەرەو هیوا، هەڵەبجە بەرەو ژیان، یادی 31 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە دەكەینەوە و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و جیهان بانگهێشتی میوانان دەكەین تا ئامادەی مەراسیمەكە بن".
مستەفا گوتیشی: "هەڵەبجە لە شین و ماتەمینییەوە هەنگاو دەنێت بەرەو هیوا و بەرەو ژیان، ئێمە لە 31 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجەدا لۆبی بۆ هەڵەبجە دەكەین، تا لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و جیهان، ئەو میوانانەی دێنە شارەكە، دەستی هاوكاری بۆ هەڵەبجە درێژ بكەن و پڕۆژە پێشكەش بكەن، هەروەها دەروازە سنوورییەكانی ئەو شارە لەگەڵ وڵاتی ئێران بەنێودەوڵەتی بكرێن، بەو پێیەی حكوومەتی عێراقیش میراتگری حكوومەتی پێشووە، داوای لێ دەكەین قەرەبووی هەڵەبجە بكاتەوە، هەروەها داواكارین بودجەی تایبەت بۆ هەڵەبجە تەرخان بكات".

دەشڵێ: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی توانا و ئەو بودجەیەی لە بەردەستی بووە، خزمەتی هەڵەبجەی كردووە، داواش لە حكوومەتی هەرێم دەكەین فەرمانبەر بۆ ئەو یەكە ئیدارییانە دابمەزرێنێت كە كراونەتەوە، هەروەها داواكارین بودجەی هەڵەبجە بەپێی ڕێژەی دانیشتووان نەبێت و جیاواز بێت لە بودجەی شارەكانی تری كوردستان".
هێڤیار هەڵەبجەیی




