٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئافرەتانی ئێزدی: جیهان بێدەنگە.. زیاتر لە هەزار كەس لە دەستی داعشدا ماون

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- ئافرەتانی ئێزدی، بە بۆنەی 8ی مارس و لە رێگای ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، نامەیەك ئاڕاستەی جیهان دەكەن و دەڵێن، پێویستە لەم رۆژەدا هەمووان هەوڵی رزگاركردنی كچ و ژنانی ئێزدی بدەن، كە تا ئێستا لە دەست داعشدان.

حەلا سڤیل، كچە رزگاربوویەكی دەستی داعشە، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "جێگای داخە جیهان بەرانبەر رفاندنی كچ و ژنانمان لەلایەن داعشەوە بێدەنگ بێت، تەنانەت بە بەرچاوی جیهانیشەوە لە شاری باغۆز ٥٠ ژنی ئێزدی سەربڕدراون، بەڵام هیچ هەڵوێستێك نەبووە".

گوتیشی: "پێویستە وڵاتانی جیهان هەموو كار بۆ ئەوە بكەن ژنانی ئێزدی لە دەست داعش رزگار بكەن، وا خەریكە داعش كۆتایی دێت، بەڵام تا ئێستا زیاتر لە هەزار كەس لە دەست ئەو رێكخراوە تیرۆریستییەدا ماون".

نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی، دوایین ئاماری ئەو ژنە رفێنراوانەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ئاشكرا كرد، كە تا ئێستا ١٤٠٠ ژن لە دەست تیرۆریستانی داعشدان.

هاوكات، ناڤین سمۆقی، كچە چالاكوانی ئێزدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ژنانی ئێزدی لە مێژوودا ڕووبەڕرووی چەندین ستەم و ناخۆشی و كۆمەڵكوژی بوونەتەوە و لە كۆمەڵكوژیی شنگالیشدا بینیمان چەند ستەم لە ژنانی ئێزدی كرا".

سمۆقی ئەوەیشی گوت: "جێگای داخە حكوومەتی عێراق و تەواوی جیهان بێدەنگن بەرانبەر ئەو ستەمەی دەرهەق بە ئێزدییان كرا و كۆمەڵكوژیی باغۆزیش گەورەترین بەڵگەیە، تەنیا نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت نیچیرڤان بارزانی بە هەموو توانای خۆیەوە كاری بۆ ئەو مەبەستە كردووە و چەندین كچ و ژنی ئێزدیی لە دەست چەكدارانی داعش رزگار كردووە".

هەر پەیوەست بەم پرسە، سۆزان سەفەر، بەرپرسی رێكخراوی دایك بۆ گەشەپێدانی ژنی ئێزدی، رایگەیاند: "ئێستا بە سەدان ژنی ئێزدی لە دەست چەكدارانی داعشدان و ئەوانەی لە كەمپەكانیشدان ئازاری زۆر دەچێژن".

ئەو بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "هەمیشە داوای دادگایی كردنی ئەو داعشانەمان كردووە كە ستەمیان لە ژنان و كچانی ئێزدی كردووە، بەڵام جێگای داخە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا جیهان بەرانبەر بەم داعشانە بێدەنگە".

 

كـــاروان باعەدری

   

 

هەواڵی پەیوەندیدار