وەزیری پیشەسازی ئوردن، سڵاوی شا عەبدوڵڵای بە سەرۆك بارزانی گەیاند

هەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی، پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی شانشینی ئوردن كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن كرایەوە.
سەرۆك مەسعوود بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ـی 3ـی 2019 لە سەڵاحەددین پێشوازی لە شاندێكی حكوومەتی شانشینی ئوردن كرد، كە پێك هاتبوو لە د. تاریق ئەلحموری، وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و مەنتەسەر عەقلە، باڵیۆزی ئوردن لە عێراق و هەیسەم ئەبولفول كۆنسووڵی شانشینی ئوردن لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ئوردن لە عێراق.
لە دیدارەكەدا، وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی ئوردن سڵاوی شا عەبدوڵڵا پادشای ئوردنی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژوویەكانی نێوان هەردوولا، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن كردەوە. هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ ئەو سەقامگیری و پێكەوەژیانەی لە كوردستاندا هەیە و بە هۆكاری پێشكەوتن و ئاییندەیەكی باشی لە قەڵەم دا.
لای خۆیەوە، سەرۆك بارزانی سوپاسی پادشای ئوردنی كرد و بە دۆست و برای خۆی زانی و هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ هەڵوێستەكانی پادشای ئوردن لە بەرانبەر گەلی كوردستان.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی و تیرۆر تاوتوێ كرا.
پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن، تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.




