٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بریفكانی: ٤٥ پاڵاوگەی نایاسایی دادەخرێن.. پێویستە شوێنی خۆشیان پاك بكەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- بڕیارە هەفتەی داھاتوو بەپێی فەرمانێكی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، پاڵاوگە نایاساییەكان دابخرێن، بەڕێوەبەری ژینگەی پارێزگای دھۆكیش ئاشكرای كرد، تەنھا لە دھۆك ٤٥ پاڵاوگە دادەخرێن و پێویستە شوێنەكانیشیان پاك بكەنەوە.

 محەمەد بریفكانی، بەڕێوەبەری ژینگەی پارێزگای دھۆك، لەبارەی داخستنی پاڵاوگەكانەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دھۆك ٥٢ پاڵاوگە ھەن و زۆربەشیان دەكەونە سنووری كواشێ، بەڵام تەنھا حەوت لە پاڵاوگەكانی دھۆك مۆڵەتی فەرمیی حكوومەتیان ھەیە و ئەوانی دیكە بە بێ مۆڵەت و یاسا كار دەكەن، بڕیارە هەفتەی داھاتوو ئەو ٤٥ پاڵاوگەیەی مۆڵەتیان لە حكوومەت وەرنەگرتووە، دابخرێن".

بەڕێوەبەری ژینگەی دھۆك گوتیشی: "لیستێك بۆ ئێمە ھاتووە تەنھا ناوی ٣٠ پاڵاوگەی بێمۆڵەتی تێدایە و لیستێكی دیكە ناوی حەوت پاڵاوگەی مۆڵەتدراو، واتە ئاماژە بە پازدە پاڵاوگە نەكراوە لە ھەردوو لیستەكەدا، بەڵام سەرجەمیان دادەخرێن و فەرمانمان پێكراوە ھەر كەسێك و لایەنێكیان لە پشت بێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و دوای داخشتنیشیان، پێویستە شوێنی خۆیان پاك بكەنەوە لە پاشماوەكان و بیكەنە زەوییەكی خاوێن".

پاڵاوگەكانی دھۆك بەسەر چەند ناوچەیەكدا دابەش بوونە لەوانە، كواشێ، مسیریك، سێمێل، فەیدیە، بریفكانی روونی كردەوە: "ئەوانەی مۆڵەتیان ھەیە ھەر حەوت پاڵاوگە ئاگادار كراونەتەوە لە ماوەی شەش مانگدا بەپێی ستانداردی جیھانی كار بكەن و نزیكەی ٢١ مەرج بەسەریاندا جێبەجێ دەكرێت، كە نابێت لەمەودوا بە ھیچ شێوەیەك پاشماوەیان فڕێ بدرێت و مەترسی بۆ سەر ژینگە و ھاووڵاتیان دروست بكەن، ھەروەھا لیژنەیەكی پسپۆڕ ھەر چەند مانگێك جارێك پشكنینی زانستییان بۆ دەكات و بە پێچەوانەوە ئەوانیش دادەخرێن".

نزیكەی ٢٠٠ پاڵاوگە لە ھەرێمی كوردستان ھەن و سەر بە كەرتی تایبەتن، بەڵام بەشی ھەرە زۆریان ھیچ مۆڵەت و مەرجێكی پاڵاوگەیان تێدا نییە،  بریفكانیش دەڵێ: "پرسیار لە ھەر دانیشتوویەكی نزیك ئەو پاڵاوگانە بكەین، بێزار بووە لە بۆن و بەرامەی پیسی پاڵاوگەكان و راستە مەترسیی گەورەیان ھەیە، لەبەر ئەوەش حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا ھاتوونەتە خەت بۆ داخستنیان".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار