عارف روشدی: دەست بە گفتوگۆ و كۆبوونەوەكان دەكەینەوە

ھەولێر-KDP.info- راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی رایدەگەێنێت، دەست بە گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانیان لە بارەی چۆنیەتیی پێكهێنانی كابینەی نوێ دەكەنەوە. جەختیش لەوە دەكاتەوە، ئامانجیانە رێككەوتنیان لەگەڵ لایەنەكاندا لێكەوتەكەی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا بێت.
عارف روشدی، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشداری كابینەی نوێ بن، دەست پێ دەكاتەوە و بەردەوامیش دەبن تا دەگەنە ئەنجام.
لە چەند رۆژی رابردوودا، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رێككەوننامەی سیاسیی نێوانیان واژۆ كرد، روشدی گەشبینە بەو رێككەوتنە و پێشی وایە، لایەنە سیاسییەكان هەماهەنگی و لێكتێگەیشتنیان هەبێت و كاری پێكەوەیی بكەن، ئارامی باڵ بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەكێشێت، هاوكات كابینەی نوێ و دامودەزگاكانی دیكەیش زووتر پێك دێن و باشتر كار دەكەن.
راوێژكارەكەی مەكتەبی سیاسی، جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئامانجی پارتی ئەوەیە، ئەو لایەنە سیاسییانەی خوازیارن بەشداریی كابینەی نوێی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی تەندروست بكەن، پێكەوە رێكبكەون و بگەنە ئەنجامێك، كە لێكەوتەكەی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا بێت.
ئەو هەروەها ئاماژەی بۆ كۆمیتەی هاوبەشی نێوان یەكێتی و پارتی كرد، كە لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسیی هەردوو لایە و گوتی، پێویستە هەرچی زووە كۆ ببنەوە و كارەكانیان راپەڕێنن.
خێڵان بەختیار




