لە ھێرشەكەی داعشدا بۆ سەر حەشدی شەعبی ٤٠ كوژراو و بریندار ھەن

مەخموور-KDP.info- فەرماندەیەكی ھێزی پێشمەرگە لە مەخموور دەڵێ، شەوی ڕابردوو لە سنووری مەخموور داعش ھێرشی كردووەتە سەر حەشدی شەعبی و بەو ھۆیەوە ٤٠ كوژراو و برینداریان ھەیە، ئەو حەشدانەش ئەوانەن كە لە سنووری سووریاوە گەڕاونەتەوە و خەڵكی خورماتوون.
لیوا زریان وەسانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەعات نۆی شەوی ڕابردوو لە ناوچەی پونگینە، چەكدارانی داعش ھێرشیان كردووەتە سەر حەشدی شەعبی، كە لە سنووری سووریا دەگەڕانەوە، لە ئەنجامدا ھەشت حەشد كوژراون، ٣٢ـیان بریندار بوون و ژمارەیەكیشیان شوێنبزرن".
لیوا زریان گوتیشی، جموجۆڵی داعش زۆر زیادی كردووە و لەگەڵ خەڵكی مەخموور تێكەڵ بوونە و لە ھەموو شوێنێك بوونیان ھەیە، بۆیە بوونەتە مەترسییەكی جیددی بۆ سەر ناوچەكە، چونكە ژمارەیان گەلێك زۆرە.
بە گوتەی وەسانی، ئەو حەشدانەی كوژراون و بریندار بوونە، خەڵكی خورماتوون.
بڵند ئیبراھیم




