كەركووكی: سەرۆكوەزیران گەیشتۆته ئەو باوەڕەی تەنھا چارەسەر بۆ رەوشی كەركووك، ئاساییكردنەوەیهتی

كەركووك-KDP.info- یەكێك لە خاڵەكانی نێو رێككەوتنامەی پارتی و یەكێتی، ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووكە، سەركردەیەكی توركمانیش ئاشكرای كرد، ھەنگاوەكان لە بەغداوە دەستیان پێكردوون و ئەوانەشی كە دژی ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووكن، بۆ بەرژەوەندیی كەسیی خۆیانە.
عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەبارەی ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك، ھەنگاوێكی پیرۆزە، بە تایبەتی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا كەركووكی تێدایە، چونكە دواجار پێویستە رەوشی كەركووك چارە بكرێت، خۆ تاسەر بەو شێوەیە نامێنێتەوە، لەبەر ئەوەش ئێمە پێمان وایە ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك، دەبێت ئەولەوییەتی بەغدا و ھەرێمی كوردستان بێت بۆ كۆتاییھێنان بە رەوشی ئاڵۆزی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی سنووری مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق".
سەرۆكی پارتی گەلی توركمان دەڵێت: "ئێمە ھەندێ دەنگی نەشاز لەنێو بەشێكی عەرەب و توركمانەكانی كەركووك دەبیستین، كە دژی ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووكن، بەڵام ئەمانە بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبیی خۆیان و قازانجی تایبەتی خۆیان، دەیانەوێ كەركووك ھەر بە داگیركراوی بمێنێتەوە و پارێزگارێكی عەرەبی ھەبێت، تا بەرژەوەندییان پارێزراو بێت".
كەركووكی گوتی: "كورد مافی خۆیەتی رەوشی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و دەستەڵاتی كەركووكیان بەدەستەوە بێت و ئیدارەی پارێزگاكە بكەن، لەبەر ئەوەی كەركووك راستە ئێمە ھەموومان تێیدا دەژین و پێكەوە شەریكین، بەڵام خاكی كوردستانە و دەستوور رێگەی بۆ یەكلاكردنەوەی دیاری كردووە".
عیرفان كەركووكی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "دوای دوو ساڵ لە تێكچوونی رەوشی كەركووك، ئێستا حكوومەتی عێراق و سەرۆكوەزیرانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی تەنھا چارەسەر بۆ رەوشی كەركووك، ئاساییكردنەوەی رەوشی شارەكە و جێبەجێكردنی دەستووری عێراقە، چونكە رێككەوتن ھەیە بۆ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا".
قائید میرۆ




