٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەروێز ڕەحیم: ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە چەند رەھەندێكه‌وه‌ دەتواندرێ بخوێندرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەكی زانستە سیاسییەكان دەڵێت، ڕۆڵی سەرۆك بارزانی وەك ڕێبەری نەتەوەیی كوردستان دیار و بەرچاوە لە سەرخستنی رێككەوتنه‌كەی پارتی و یەكێتی و ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لەگەڵ ئەو حزبەدا، ئەمەش بۆ بەدیھێنانی ئاشتەوایی نیشتیمانی و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانە.

رێككەوتنی نێوان دوو حزبی سەرەكیی ھەرێمی كوردستان بۆ چوار ساڵی داھاتوو، لە چەند رەھەند و بوارێكەوە دەتواندرێ بخوێندرێتەوە و گرنگییەكەی دیاری بكرێت، وەك مامۆستای زانستە سیاسییەكان، پەروێز ڕەحیم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "رۆڵی سەرۆك بارزانی وەك رێبەری نەتەوەیی، لە سەرخستنی ئەم رێككەوتنە و ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكان بە مەبەستی بەدیھێنانی ئاشتەوایی نشتیمانی و دەستەبەركردنی ئاسایش و سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی، دیار و بەرچاوە."

ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەكان زیاتر دەڵێت: "پێویستی و گرنگیی پێكھێنانی كابینە و حكوومەتێكی تۆكمە و بەھێز، بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نیوان پارتی و یەكێتی دەبێت بە مەبەستی جێبەجێكردنی بەرنامە و راییكردنی كاروباری ھاووڵاتیان بە پاڵپشتیی ھێزە سەرەكییەكانی ھەرێمی كوردستان و، ھەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەكانی دووئیدارەیی و بە دامەزاروەییكردن و یەكخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان كە لە ناوەڕۆكی رێیكەوتنەكەدا ئاماژەی پێ دراوە".

دەشڵێ: "پێویستە ئامادەكاری بۆ ئەگەری ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە بكرێت، چونكە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە ھەموو شتێك پێویستی بەوە ھەیە كە بە دید و روانگە و ستراتیژییەكی ھاوبەش لە ناوخۆ و پاشان لە ئاستی عێر اقی و ھەرێمیدا دەربكەوێت. بە بڕوای من ئەم خاڵە گرنگییەكی ژیانی بۆ داھاتووی ھەرێمی كوردستان ھەیە."

ڕەحیم، گوتیشی: "سڕینەوەی ئاسەواری ناكۆكی لە بواری كۆمەڵایەتی و ڕای گشتی، ئەركێكی دیكەیە، بەو پێیەش كاریگەری لە رووی ئاسایش و ھەروەھا گەشەسەندنی ئابووریی كوردستان هەیە، چونكە بێجگە لەوەی كە ناكۆكیی نێوان دوو ھێزی سەرەكی دەبێتە ھۆی ناسەقامگیریی سیاسی، كاریگەریی نەرێنی لەسەر وەبەرھێنان و سەقامگیری ئابووری دادەنێت. گەڕانەوە و بەھێزبوونەوەی متمانەی ھاووڵاتیان لەلایەك بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و لەلایەكی ترەوە بەھیزبوونی متمانەی دەوڵەتانی ناوچەكە و وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكا و تەنانەت ڕووسیا بە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، دەبێ بایەخی پێ بدرێت، بەم پێیەش بەھێزیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بێجگە لەوەی دەبێتە مایەی رێگەگرتن لە ھەڵاتنی سەرمایەی نیشتمانی و ناوخۆیی، دەبێتە ھۆی ڕاكێشانی وەبەرھێنەری دەرەكی و بەم پێیەش گرێدانی بەرژەوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و دەوڵەتانی دەرەوە و كاریگەرییەكانی لەسەر پەرەپێدانی ئابووریی ھەرێمی كوردستان، كە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاستی ژیانی ھاووڵاتیان لە پاش ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا دەبێت."

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار