ئەمازیغی بۆ KDP: باوكم بە كاریزمایی مستەفا بارزانی كاریگەر بوو

دهۆك-KDP.info- نووسەرێكی دیاری باكووری ئەفریقیا و مەغریبی عەرەبی، یوسف بویەحیا ئەمازیغی دەڵێت: "ئەوەی منی هان دا پشتیوانی لە دۆزی گەلی كورد بكەم، باوكم بوو كە هەمیشە بە كاریزمایی مەلا مستەفا بارزانی كاریگەر بوو.
یوسف بویەحیا ئەمازیغی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە رێگای باوكمەوە سەرۆك بارزانیم ناسی و ئاشنا بووم بە گەلی كورد، ئەو كات تەمەنم ٨ ساڵ بوو و گەلی كوردستان كاریگەری بەسەرمەوە هەبوو و هەیە تا ئێستاش"..
ئەمازیغی گوتیشی: "بارزانی نەك تەنیا سەرۆكە، بگرە مەرجەعی تەواوی گەلی كوردە، هەمیشە كاری بۆ ئەوە كردووە دەنگی كوردان بگەیەنیتە جیهان و كار بۆ یەكڕیزیی گەلی كوردستان دەكات. هەروەها ئەندازیاری سیاسییە لە رۆژهەڵاتی ناویندا، جگە لەوەش هیچ حكوومەتێكی عێراق پێك نهەهێنراوە تا بارزانی بڕیاری نەدابێت و پشكداری نەكردبێت، هەر لەبەر ئەوەش بارزانی سەركردەیەكی گەورەیە و پاشخانێكی لەبننەهاتووی سیاسی و پسپۆڕیەتیی سەربازیی هەیە، هەروەها باش لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی تێگەیشتووە".
یوسف بویەحیا دەشڵێ، ناوچەكە بە قۆناغێكی سەخت و چارەنووسسازدا تێپەڕ دەبێت، ئەگەر سەركردایەتیی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی و ئازایەتیی پێشمەرگە قارەمانەكان نەبووایە، كوردستان لە ڕەوشێكی ناخۆشدا دەبوو، بەڵام ئێستا پێگەی كوردستان لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە بەهێزە".
كــاروان بــاعــەدری




