هاووڵاتییان به ڕێكکه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت دڵخۆشن
__2019_03_05_h15m24s56__HK.jpg)
سلێمانی-KDP.info- پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك حزبی یه‌كه‌می پێكهێنه‌ری حكوومه‌ت، ڕۆژانی 18ی شوبات و 4/3/2019 ڕێكکه‌وتنی سیاسیی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی ئیمزا كرد بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی 9ی حكوومه‌تی هه‌رێم، هاووڵاتییانی كوردستان ڕێککەوتنی حزبه‌كان به گرنگ ده‌زانن و داوا ده‌كه‌ن حزبه‌كان ڕێز له ئیمزای خۆیان بگرن و حكوومه‌تێكی خزمه‌تگوزار و چاكسازیكه‌ر پێك بهێنن.
ئه‌ندازیار موسلیم محه‌مه‌د به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ڕێککەوتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان گرنگه، كه له كاتی ناكۆكی و دروستبونی قه‌یرانه‌كاندا هه‌مووان زه‌رهر ده‌كه‌ین، كه له كاتی ناكۆكییه سیاسییه‌كاندا زیانی ده‌بێت بۆ كه‌رتی بیناسازی و زیانی بۆ ئه‌ندازیاران ده‌بێت، بۆیه ئێمه به ئومێده‌وه ده‌ڕوانینه ڕێککەوتنی حزبه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، داوا ده‌كه‌ین په‌له بكرێت له پێكهێنانی حكوومه‌ت و وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كان".
موسلیم محه‌مه‌د ده‌ڵێ: "داوا له حكوومه‌تی نوێی هه‌رێم ده‌كه‌ین چاكسازیی بنه‌ڕه‌تی ده‌ست پێ بكات، كه‌سی شیاو له پۆسته‌كاندا دابنرێت و پێویسته حزبه‌كانیش لە دانانی كاندید بۆ پۆسته وه‌زارییه‌كان ڕه‌چاوی پسپۆڕییان بكەن و كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا بكه‌نه وه‌زیر".
هاووڵاتییان داوا ده‌كه‌ن لایه‌نه سیاسییه‌كان پابه‌ندی ئیمزاكه‌ی خۆیان بن كه له كاتی ڕێککەوتنه‌كان ده‌یكه‌ن، به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانی كوردستان پێش به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان بخه‌ن و له‌گه‌ڵ دروشمه‌كانی خۆیان ڕاستگۆ بن.
خوناو جه‌مال، چالاكی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ده‌ڵێ: "هه‌موو ڕێککەوتن و لێكتێگێشتنی لایه‌نه سیاسییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و چاكسازی گرنگه و داوا ده‌كه‌ین پابه‌ندی ئه‌و ئیمزایانه‌ی خۆیان بن كه له‌به‌رچاوی كامێرا‌كان ده‌یكه‌ن و موژده‌ی خۆشگوزه‌رانی و ئاسایش به هاووڵاتییان ده‌ده‌ن، من پێم وایه پێویسته ڕێککەوتنێكی گشتگیر له نێوان هه‌موو حزبه‌كانی كوردستان ئیمزا بكرێت كه به ته‌واوی كۆتایی به ململانێ حزبیه‌كان بهێنێت، چاكسازی و خزمه‌ت به هاووڵاتییان بكات."
چالاكانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ده‌ڵێن، هاووڵاتییان چاویان له‌وه‌یه کە لە به‌رهه‌می ده‌نگدانیان به حزبه‌كان، حكوومه‌تێكی به‌هێز له‌دایك ببێت كه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داواكانیان بیت، تاوه‌كو چوار ساڵی ئاینده به گه‌رموگوڕییه‌وه بڕۆنه‌وه سه‌ر سندووقی ده‌نگدان.
خوناو ده‌ڵێ: "داوا ده‌كه‌م حكوومه‌تێك له چوار ساڵی ئاینده‌دا دروست بكرێت كه ئێمه‌ی هاووڵاتی كه ده‌نگمان داوە به حزبه‌كان و پێكهێنه‌ری حكوومه‌ت ده‌بن، به‌رهه‌مه‌كه‌ی ببینینه‌وه، چوار ساڵی ئاینده جارێكی دیكه بڕۆینه‌وه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگی خۆمان بده‌ین، كه چاومان له‌وه‌یه ئه‌و حكوومه‌ته‌ی دروست ده‌كرێت حكوومه‌تی هاووڵاتی بێت و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داواكارییه‌كانمان بێت".
ڕۆژنامه‌نووس، دلیمان خه‌سره‌و، ئاماژه به‌وه ده‌كات: "ئه‌گه‌ر سه‌رنجێك له مێژووی هه‌ردوو حزبی سه‌ره‌كیی هه‌رێمی كوردستان، پارتی و یه‌كێتی، بده‌ین، ڕێککەوتن و لێكتێگێشتنه‌كانیان ئاسایش و خۆشگوزه‌رانیی به دوای خۆیدا هێناوه، بۆیه ڕێککەوتنی ئه‌و دوو حزبه له پاڵ ڕێککەوتن له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی تری كوردستان گرنگیی خۆی هه‌یه، ڕێککەوتنی پارتی و یه‌كێتی به ڕێککەوتنێكی مێژوویی ده‌زانم و نزیكیی ئه‌وو دوو حزبه چاره‌نووسی كوردستانیان به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش دەبات، بۆیه به‌گشتی كوردستانیان خۆشحاڵن به ڕێککەوتنی پارتی و یه‌كێتی".
خه‌سره‌و ده‌ڵێ: "ڕێککەوتنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی و، یه‌كێتی و پارتی، گرنگیی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، هاووڵاتییان گه‌شبینن و داوا ده‌كه‌ن، هه‌موو لایه‌نه‌كان پابه‌ندی ڕێککەوتنی پێكهێنانی حكوومه‌ت بن، هاووڵاتییان پێویستیان به ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری هه‌یه وه دڵنیاین ئه‌گه‌ر بێت و ڕێککەوتنه‌كان وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكرێن، ئه‌وه كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت پڕده‌ستكه‌وت ده‌بێت بۆ هه‌موو لایه‌ك، كه خۆشگوزه‌رانی و ئاینده‌ی كوردستان له‌و كاتانەدا ڕوون و گه‌ش بووە كه لایه‌نه سیاسییه‌كان ڕێککەوتنیان هه‌بووه له‌مه‌ڕ حوكمڕانیی هه‌رێمه‌كه‌مانەوە".
هێڤیار هه‌ڵه‌بجه‌یی




