"كەشێكی سیاسی و ئابووریی نوێ دروست دەبێت"

هەولێر-KDP.info- چاودێران و مامۆستایان دەڵێن، ناوچەكە لە گۆڕانكاریدایە و پێویستمان بە حكوومەتێكی بەهێز و تۆكمەیە. هەرچەند پێكهێنانی حكوومەتی نوێ زۆر دوا كەوتووە، بەڵام ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی وا دەكات بە زووترین كاتدا حكوومەتی نوێ پێك بێت و بكەوێتە خزمەتكردنی خەڵكی و چاوەڕوانییەكانیان كۆتاییی بێت.
دوێنی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ بوونەوە و ڕێككەوتنی سیاسیان واژۆ كرد بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.
پێوەست بەم ڕێككەوتنە، سیروان حەمەشەریف، پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی و چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "سەرەڕای بوونی جیاوازیی داواكان و ململانێكانیان، بەڵام پارتی و یەكێتی ئەزموونێكی زۆریان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمە بەیەكەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرا هەر ڕێك بكەون. ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی زۆر گرنگە بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی و كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، چونكە خاوەن پێگە و دەسەڵات و هێزن لەم هەرێمەدا."
ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە: "هەرچەند پێكهێنانی حكوومەتی نوێ زۆر دوا كەوتووە، بەڵام ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی وادەكات لە زووترین كاتدا حكوومەتی نوێ پێك بێت. پارتی حیسابی بۆ پێگەی یەكێتی كردووە و وەكو براوەی هەڵبژاردن و حزبی یەكەمی هەرێم هەوڵی داوە هەرچی زووە حكوومەتی نوێ پێك بهێنێت و زۆرینەی لایەنەكان تێیدا بەشدار بن."
سیروان حەمەشەریف ئاماژەیشی دا: "خەڵك زۆر ماندوو بوون و ئیدی چاوەڕوانی حكوومەتی نوێن، ئاخر خەڵك ماندوو بوون لە گوفتار و بەڵێن و ئیدی چاویان لەوەیە بە كردار خزمەت بكرێت. بۆ مانەوەی پێگەی بەهێزی هەرێم لە ناوچەكە پێکهێنانی حكوومەتی نوێ زۆر گرنگە و وڵاتان چاوەڕێی حكوومەتی نوێی هەرێمن."
یوسف ڕەزا هەمەوەندی، مامۆستا لە شاری سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێكهاتنی یەكێتی و پارتی و واژۆكردنی ڕێككەوتنەكەیان هەرێمی كوردستان دەباتە قۆناخێكی نوێ و پێكهێنانی حكوومەت خێراتر دەكات، بە پێكهاتنی حكوومەتی نوێش بۆ هاووڵاتییان گرنگییەكی زۆری ئابووری و كۆمەڵایەتی هەیە و پێگەی هەرێم لە ڕوی سیاسییەوە بەرانبەر بە بەغدا بەهێز دەكات."
هەمەوەندی جەختیشی كردەوە: "هەرێمی كوردستان بە كۆمەڵێك قەیران و شەڕدا تێپەڕی، ئیدی كاتی ئەوە هاتووە هاووڵاتییان ژیانێكی ئاسوودە بەرێ بكەن و باری داراییی هاووڵاتییان باشتر بكرێت و ئاشتەوایییەكی كۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە."
لە شاری دهۆكیشەوە، وارس محەمەد زێباری، مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی كەشێكی نوێی سیاسی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان دروست دەكات، دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت زیانێكی زۆری بە هەرێمی كوردستان بەگشتی گەیاند، پێویستە هەرچی زووە حكوومەت پێك بهێندرێت و دەست بە خزمەتكردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بكرێت."
ڕوونیشی كردەوە: "ئێستا وا خەریكە كۆتایی بە خەلافەتی داعش دێت و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانكاریی گەورەی سەربازی و ئابووریدایە، هەرێمی كوردستان چەقی یەكلابوونەوەی بەشێك لە سیاسەتی ناوچەكەیە و قورسایییەكی زۆری هەیە. بۆ ئەوەی هەرێم پێگەكەی بپارێزێت و بەهێزتر بێت، دەبێ خاوەنی حكوومەتێكی تۆكمە و بەهێز بێت."
سەرباز واحد




