سەرەڕای قەیرانی دارایی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزای ئاكرێ جێبەجێ كراون

ئاكرێ-KDP.info- قایمقامی قەزای ئاكرێ دەڵێ، سنووری ئێمەش بێبەش نەبوو لەو قەیرانە داراییە و وەك سەرجەم شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان كە وا بینیمان حكوومەتی عێراق بەشەبوودجەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی ڕاگرت، بەڵام سەرەڕای قەیرانی دارایی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریمان ئەنجام داوە.
لەم بارەیەوە، مازن محەمەد، قایمقامی قەزای ئاكرێ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو پڕۆژانەی ساڵی ڕابردوو لە سنووری قەزاكەمان ھەبوون، ھەندێكیان جێبەجێ كراون و ھەندێكیشیان بە ھۆی قەیرانی داراییەوە ڕاوەستاون، ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ كراون، پڕۆژەی ئاوی ئاكرێ كە پڕۆژەیەكی ستراتیژییە بە گوژمەی ١١٥ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە و %٦٠ی كارەكانی تەواو بووە و لە قۆناغی كۆتاییدایە، قیرتاوكردنی چەندین ڕێگاوبانی سنووری ناحیەكانی دینارتە و بجیل و گردەسێر بە گوژمەی ٤٠٠ ملیۆن دینار و ١٠٠ ملیۆن دیناریش بۆ ڕێگاوبانی سەنتەری قەزا و، خۆشبەختانە لە لایەن كارگێڕیی پارێزگای دھۆكەوە ڕێگای ئاكرێ زێراڤ پڕۆژەیەكی گرینگ بوو بۆ ناحیەی گردەسێر ئەویش جێبەجێ کرا."
قایمقامی قەزای ئاكرێ گوتیشی: "چاوەڕوانی كابینەی داھاتووی حكوومەتین، بە باشبوونی دۆخی داراییی حكوومەت لە بەرنامە و پڕۆژەماندایە چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی گرینگ لە داھاتوودا جێبەجێ بكەین لە سنووری قەزای ئاكرێ."
سیروان سابیر




