بەشداربووانی ڕاپەڕینی ڕانیە بۆ KDP دەدوێن

ڕانیە-KDP.info- بەشداربووانی ڕاپەڕینە مەزنەكەی ساڵی ۱۹۹۱ رایدەگەیەنن، ڕاپەڕین وەرچەرخانێكی گەورە و مێژوویی بوو. دەشڵێن، ئەوكات زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس دەرهەق بە خەڵكی كوردستان گەیشتبووە لوتكە، بۆیە جەماوەری ڕانیە و شارەكانی تری كوردستان ڕاپەڕین و كوردستانیان ڕزگار كرد.
سەبارەت بە پلان و ئامادەكارییەكان بۆ ڕاپەڕینی ڕانیە، دڵدار مامە، وەك بەشداربوویەكی ڕاپەڕینە مەزنەكە، كە لە ڕێكخستنەكانی ئەوكاتی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاپەڕینی ٥ی ئادار هەلومەرجێكی تایبەتی هەبوو، لەبەر ئەوەی ڕژێمی بەعس لەم كاتەدا لە دوو شەڕی نێودەوڵەتی دۆڕابوو، بۆیە سەركردایەتیی سیاسی كورد كە خۆی لە بەرەی كوردستانیدا دەبینییەوە و سەرۆك بارزانی سەركردایەتیی دەكرد، نەخشەی ڕاپەڕینێكیان لە كوردستان داڕشت و ئاگاداری هەموو ڕێكخستنەكانی لایەنە سیاسییەكان كرایەوە كە ۷ی ئادار دەست بە ڕاپەڕینێكی سەرتاسەری دەكرێت بۆ ڕاماڵینی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی حیزبی بەعس لەو سەردەمەدا، بەڵام هەلومەرجەكە وای خواست دوو ڕۆژ پێشتر لە شاری ڕانیە دەستمان پێكرد، ئەمەش لەبەر ئەوەی قەڵادزێ و پشدەر كرابوون بە ناوچەیەكی قەدەغەكراو، بۆیە لە ڕانیەوە سەری هەڵدا".
بە گوتەی ئەو، ڕاپەڕین لە ۹ی بەیانی دەستی پێكرد و ۳ی ئێوارە كۆتایی هات و ڕانیە ئازاد كرا، هەروەها ڕۆژی ٦ی مانگیش چوارقونە ڕزگار كرا، كە دواتر تەواوی شارەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، ئەوە بوو ڕۆژی ۷ی ئادار جەنابی سەرۆك بارزانی و خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا، هاتنە شاری ڕانیە و لە لایەن جەماوەی ڕانیەوە پێشوازییان لێ كرا.
ڕۆژنامەنووس و بەشداربووی ڕاپەڕینی ٥ی ئادار، عوسمان ڕانیەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ۲٨ساڵە ڕاپەڕین لە شاری ڕانیە كراوە، كە ٥ی ئاداری ۱۹۹۱ دەستی پێكرد و دواتر تەواوی شارەكانی كوردستان و ناچە دابڕێنراوەكانیشی گرتەوە، كە لە ژێر زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعسدا بوون، ڕاپەڕین وەرچەرخانێكی گەورە و مێژوویی بوو، گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، كورد هەرگیز نەوەستاوە و چەندین جار تووشی نەهامەتی بووە، بەڵام دووبارە بە زیرەكی و لێهاتوویی سەركردایەتیی كورد هەڵساوەتەوە و خۆی گەیاندووەتە قۆناغێكی باشتر لە جاران، وەك پێشینانیش دەڵێن، كە جام پڕ بوو لێی دەڕژێت، بۆیە كە ئەوكات زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس دەرهەق بە خەڵكی كوردستان گەیشتبووە لوتكە، جەماوەری ڕانیە و شارەكانی تری كوردستان ڕاپەڕین و كوردستانیان لە دەست ڕژێمی فاشیستی عێراق ڕزگار كرد."
فایزە كویی




