٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشبینییەكانی سەرۆك بارزانی و پلانەكانی بەرەی كوردستانی هاتنە دی و جێبەجێ كران

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- راپەڕینە گەورە و سەرتاسەرییەكەی ساڵی 1991، بەرخودانێكی جەماوەری ‌بوو بە پاڵپشتیی بەرەی كوردستانی دژی رژێمی ئەوكاتی عێراق، كە ساڵەها بوو هەموو تواناكانی بۆ جینۆسایدكردنی كورد و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان و خاپووركردنی كوردستان خستبووە گەڕ.

راپەڕین وەك بەرهەمی شۆڕشەكان و خۆڕاگری و هەڵوێستی ئازادیخوازانەی جەماوەری كوردستان، رووداوێكی گەورەی مێژووییە ‌و هیچی كەمتر نییە لەو راپەڕینانەی كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا روویان داوە ‌و بوونەتە هۆكاری گۆڕانكاری لە ژیانی گەلان و هێنانەئارای پێشكەوتن. راپەڕینەكەی ساڵی 1991ی‌ كوردستانیش، وەك رووداوێكی مێژوویی و وێستگەیەكی گرنگ لە ژیان و چارەنووسی نەتەوەكەماندا، بوو بە وەرچەرخێنەری میژوومان، بوو بەو سەركەوتنە مەزنەی كە گەلەكەمانی لە قۆناغە سەخت و پڕ لە قوربانیدان و ئاسەوارە ناخۆشەكانی كارەساتەكان دەرباز كرد و بە ئازادی و ئەم دەسكەوتانەی ئەمڕۆی شاد كردین. راپەڕین سەروەری و شانازییەكی زۆر گەورەیە بۆ تێكڕای كورد و كوردستانیان، چونكە لە راپەڕیندا گەلەكەمان و گشت حزب و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان تۆمارێكی زێڕینمان لە یەكڕیزی و یەكسەنگەری نەخشاند، كە ئەوەش بوو بە وزە و هۆكاری ئەنجامدان و سەركەوتنی ئەو راپەڕینە شكۆدارە.

راپەڕین رووداوێكی عەفەوی نەبوو

راپەڕینەكەی 1991ی كوردستان، وێستگەیەك بوو لە هەڵوێست و ئازایەتیی جەماوەر و قۆناغێك بوو لە كاروانی ئەو شۆڕشانەی لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە باشووری كوردستان هەڵگیرساون و درێژەیان هەبووە، هەر لە شۆڕشی سەركردەی شەهید (شێخ عەبدولسەلام بارزانی) تا شۆڕشی شێخ مەحمود و دواتر شۆڕشەكانی بارزان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و پاشان شۆڕشی سەركەوتووی گوڵان. ئاشكرایە كە ئەگەر گۆڕەپانی خەبات چۆڵ بووایە جەماوەریش پشتئەستوور نەدەبوو بەو بەرخودانە و ئەوكات روودانی راپەڕینێكی وەك ساڵی 1991 چاوەڕوانكراو نەدەبوو. واتا راپەڕین عەفەوی نەبوو، رەخساوی هەلومەرج و هەروه‌ها ئامادەكارییەكانی بەرەی كوردستانی و بەرخودانی جەماوەری لە پشتە. هەروەها‌ كاتێك لاپەڕەكانی مێژوو هەڵدەدەینەوە، لە داستانی گەورەی خواكوڕك و لە بۆچوون و پێشبینییەكانی سەرۆك مەسعوود بارزانی تێبینیكردن بۆ پێشهات و گۆڕانكاییەكە دەست پێدەكات، كاتێك لەو دەمەدا سەرۆك بارزانی رایگەیاند، چاوەڕوان دەكرێ رژێمی عێراق و ناوچەكە گۆڕانكارییان بەسەردا بێت و بارودۆخێكی ئەرێنی لەم وڵاتە بێتە پێشەوە. ئیدی لێرەوە هەڵسەنگاندن بۆ گۆڕانكارییەكان لای بەرەی كوردستانی دەستی پێكرد، تا گەیشتە ئەوەی بەرەی كوردستانی كەوتە چاودێریی بارودۆخەكە ‌و دواتر گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە ئامادەكاری بۆ راپەڕینێكی جەماوەری و سەرتاسەری بكرێت، بۆ ئەم مەبەستە كۆبوونەوە و بەرنامەڕێژی و پلانەكان دانران، سەرۆك بارزانی دانرا بە سەرۆكی بەرەی كوردستانی بۆ رابەرایەتیكردنی راپەڕین، لایەنەكانی ناو بەرە كەوتنە جموجوڵ و ناردنەوەی مەفرەزەكانی پێشمەرگە بۆ ناو شارەكان و قوڵایی كوردستان، رێكخستنە نهێنیەكانی ناو شارەكان ئاگادار كرانەوە، نامە ‌و نووسراوی فەرمی بەرەو حزبەكان گەیەنرانە كەسایەتییەكان، تا لە سپێدەی رۆژی 5/3/1991 لە شاری رانیە یەكەم كڵپەی راپەڕین بەرز بووەوە و پێشبینییەكانی سەرۆك بارزانی و پلانەكانی بەرەی كوردستانی هاتنە دی و جێبەجێ كران. راپەڕین بوو بە رووداوێكی راستەقینە و سەرتاسەری كوردستانی گرتەوە، پێشمەرگە ‌و خەڵكی كوردستان ئاوێتەی یەكتر بوون و رووبەڕووی سوپا و مۆڵگە ‌و دامودەزگا ستەمكارەكانی رژێمی بەغدا بوونەوە، رۆژ دوای رۆژ شەپۆلی راپەڕین بە تین و تاوتر دەگەیشتنە هەموو شار و شارۆچەكەكان، سلێمانی لە7/3 رزگار كرا، شەقڵاوە لە 9/3، كۆیە لە 10/3، هەولێر لە 11/3، زاخۆ لە 13/3، دهۆك لە 14/3، كەركووكیش لە 20/3 ئازاد كرا و ئێوارەی نەورۆزی ئەو ساڵە بووە دوو جەژن لە كەركووك و لە گشت كوردستاندا. بەو شێوەیە لەسەر دەستی جەماوەری راپەڕیو و پێشمەرگە هەمیشە سەركەوتووەكانی كوردستانەوە لە ماوەی 15 رۆژدا نزیكەی تەواوی خاكی باشووری كوردستان رزگار كرا و لە حوكمی شومی بەعسییەكان و پۆستاڵی رەشی سوپاكەی خاوێن كرایەوە و ئەو رژێمە كوردستان بەدەر كرا.

سەرۆك بارزانی لە مەیدانی راپەڕیندا

سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی بەرەی كوردستانی رابەرایەتیی راپەڕینی دەكرد لە ناوخۆی كوردستاندا، شەش رۆژ دوای یەكەم چەخماخەی راپەڕین، واتا لە 11/3 لە قاسمەڕەشی سەر سنووری دەستكردی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتەوە گەیشتەوە ناوخۆی كوردستان و لە رانیەی دەروازەی راپەڕین پێشوازی لێ كرا و، مەیدانیانە بەشداریی راپەڕینی كرد. رۆژی دواتر 12/3 گەیشتە كۆیەی ئازادكراو و وتارێكی مێژوویی لە بەردەم جەماوەر پێشكەش كرد و پاشان لە رەو‌اندزیش بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی بەرفراون پەیامێكی پڕبایەخی راگەیاند. لە وتارەكانیدا لەو بارودۆخەدا كە گەرمەی راپەڕین بوو و لای خەڵكی كوردستان و زۆربەی حزبەكانی بەرەی كوردستانی روون نەبوو چارەنوسی راپەڕین بە كوێ دەگا و هیچ لایەنێك بیری لە گەیشتن بە حكومڕانیكردن نەدەكردەوە، كەچی ئەوە سەرۆك بارزانی بوو لەو ساتەوەختە ناسك و ئایندە نادیارەدا مەیدانیانە لەناو شەپۆلی راپەڕیندا بوو و لە شار و شارۆچكەكان وتار و پەیامی سەركەوتنی پێشكەش بە جەماوەر دەكرد و گیانی خۆڕاگری و ئومێدی دەبەخشییەوە و هەر لەو دەمە ئاڵۆزەدا بوو باسی خۆئامادەكردنی كرد بۆ دامەزراندنی حكومڕانی لە كوردستان و هەڵبژاردن و بەرقەراركردنی دیموكراتی و دەسەڵاتی یاسا.

ئامانجەكانی راپەڕین و ئاسۆی مافە‌ نەتەوەییەكانمان

راپەڕین لە مێژووی‌ پڕ لە سەروەریی‌ گەلەكەماندا سەركەوتنێكی مەزنە و بەرهەمی‌ یەكڕیزی و یەكسەنگەری بوو، بەرهەمی پاڵپشتیی جەماوەر بوو بۆ بەرەی كوردستانی، بەرهەمی یەكدەنگی و یەكدەستبوونی پێشمەرگە ‌و لایەنەكانی كوردستان بوو، كە ئەمڕۆش زۆر پێویستمان بەو روحیەت و گیانی تەبایی و یەكڕیزیە هەیە، چونكە ئەم دەسكەو‌تانەی راپەڕین، كە خۆی لە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو ئاواكاری و پەرەسەندن و پێشكەوتنە ئابووری و كۆمەڵایەتی و دیموكراتی و ئازادیەدا دەبینێتەوە، بەری خەبات و قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلەكەمانە ‌و دەبێت بەرپرسانە بیپارێزین و بەرەو پێشیان ببەین. بێگومان لەم بارودۆخەی ئێستاشدا وەك رۆژانی راپەڕین، تەبایی و یەكڕیزی زەرورەت و ئەركی سەرەكیمانە، لە پێناو پتەوتركردنی حكومڕانیمان و پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە ‌و جیهان و، هەروەها بە‌ئەنجامگەیاندنی پرۆسەكانی چاكسازی و گەشەپێدانی زیاتری بنەما و پایەكانی یاسا سەروەری و باری ژیانی جەماوەر لە هەموو بوارەكاندا. لەگەڵ ئەمانەشدا دیارە ستراتیژییەتی راپەڕین، كە ئازادی و سەربەستیی یەكجاریی گەلەكەمانە، هێشتا بە تەواوی نەهاتووەتە دی و بۆ ئەم ماف و خواستە باڵایەمان رێگەی دوور و نزیك لە پێش نەتەوە‌كەماندایە، ئەمەش‌ لێمان دەخوازێ بە هزر و گیانی نەتەوەیی و نیشتیمانییەوە كۆششی بۆ بكەین و هەنگاو بنێین بۆ بەدەستهێنانی گشت ئامانجە نەتەوەییەكانمان و‌ گەیشتنمان بە كیانێكی كوردستانی.

 

ماڵپەڕی KDP- قارەمان مەهدی

هەواڵی پەیوەندیدار