خۆشناو بۆ KDP: گۆڕانكاریهكانی پهرلهمان دوای ڕێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی ئاشكرا دهكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت، ڕێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی دەبێتە هۆی خێراتركردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و كاراتركردنی پەرلەمانی كوردستان. دەشڵێ: "برایانمان لە فراكسیۆنی یەكێتی، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرنەوە و لە سەرجەم جومگەكانی پەرلەماندا ڕۆڵی خۆیان دەبینن".
ئومێد خۆشناو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات: "ڕێككەوتنەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەبێتە هۆی خێراتركردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و كاراتركردنی پەرلەمانی كوردستان. لە پەرلەمانیش هەوڵ دەدەین هەرچی زووە ڕێكارەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ جێبەجێ بكرێن، تا ئاوڕێك لە باری ژیانی خەڵكی بدرێتەوە و كارنامەی هەڵبژاردن جێبەجێ بكەین، كە بێگومان ڕەنگدانەوەییشی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانمان لەگەڵ فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان."
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەیشی دا: "دوای واژۆكردنی رێككەوتنەكە، برایانمان لە فراكسیۆنی یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەردەگرنەوە و لە سەرجەم جومگەكانی پەرلەماندا ڕۆڵی خۆیان دەبینن، چونكە ئێمە بە شێوەیەكی كاتی و بۆ نەوەستانی كارەكانی پەرلەمان ئەم پۆستانەمان پڕ كردبوویەوە و خوازیاری ئەم دۆخە نەبووین."
خۆشناو جەختیشی كردەوە: "لە ڕابردوودا هاووڵاتیان و حكوومەت و سەرجەم دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سەختدا تێپەڕیون، ڕۆژە سەختەكانمان تێپەڕاند و بەرەو ئارامیی زیاتر و باشتركردنی بژێویی هاووڵاتیان و لادانی پاشەكەوتی مووچە هەنگاو دەنێین، هەروەها حكوومەتێكی گشتگیر و بەهێزیش بە پشتیوانیی سیاسیی بەهێز دروست دەكەین."
دوێنی پارتی و یەكێتی لە ئاستی باڵادا لە هەولێر كۆبوونەوە و رێككەوتنێكی سیاسیی نوێیان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان واژۆ كرد.
سەرباز واحد




