٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ یادی 28مین ساڵەی رزگاركردنی دەڤەری راپەڕینه‌

سەرچاوە: KDP.info
 
راپەڕین-KDP.info- ئەمڕۆ ساڵیادی دەستپێكردنی راپەڕینی خەڵكی كوردستانە دژی رژێمی بەعس، كە توانرا بۆ یەكەمجار زۆربەی خاكی ھەرێمی كوردستان لەدەست رژێمی بەعسی عێراق رزگار بكرێت و كورد لە باشووری كوردستان خۆی حوكمڕانی بكات.
 
27 ساڵ لەمەوبەر، لە 5 ئاداری ساڵی1991 راپەڕینی خەڵكی كوردستان دژی رژێمی بەعسی عێراق دەستی پێكرد و لە یەكەم رۆژی راپەڕیندا دەڤەری رانیە و قەڵادزێ رزگاركرا و دواتریش نازناوی دەروازەی راپەڕین بەخشرایە ئەو دەڤەرە.
 
 
پاش رزگاركردنی دەڤەری پشدەر و بتوێن، خەڵكی كوردستان بە پاڵپشتی مەفرەزەكانی پێشمەرگە راپەڕین و ھەر رۆژە لە چەند ناوچەیەك زەماوەندی ئازادی و رزگاری دەگێڕدرا.
 
راپەڕینی خەڵكی كوردستان بە پاڵپشتی مەفرەزەكانی پێشمەرگە لە ئەنجامی ئەو زوڵم و زۆرداریەی رژێمی بەعس دژ بە كورد ھاتە كایەوە، سەركەوتنیشی یەكگرتووی خەڵك و یەكدەنگی ھێزە سیاسییەكان بوو كە توانرا لە ماوەیەكی كەمدا زۆربەی خاكی باشووری كوردستان رزگار بكەن و كۆتایی بە حوكمی داگیركەربێنن.
 
ساڵێك دوای راپەڕین سەركردایەتی سیاسی كوردستان، دەستیكرد بە تاقیكردنەوەی رێگەی دیموكراسی بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەی باشووری كوردستان، لە 19/5/1992، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان بۆ یەكەمجار ئەنجامدرا، ئەمەش سەرەڕای ناكۆكی و ھاتنە پێشەوەی بارودۆخی نەخوازراوی ناوخۆ، بەڵام بە دەستكەوتێكی گرنگی كورد لە باشووری كوردستان ئەژمار دەكرێت، چونكە لەمێژوودا یەكەمجارە كورد خاوەن پەرلەمان و حكوومەتی خۆی بێت، لە ماوەی چەند ساڵی خۆبەڕێوەبردنی باشووری كوردستان، وەك ھەرێم جگە لە ئەنجامدانی پڕۆژە لە سەرجەم بوارەكاندا، سەركردایەتی سیاسی كورد توانیویەتی لە رووی دیپلۆماسی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی جیھان بەرفراوان بكات و مافەكانی كورد بە ناوەندە سیاسییەكانی جیھان بگەیەنێت.
 
 
ئێستا كە یادی 28 ساڵەی دەستپێكردنی راپەڕین و رزگاركردنی دەڤەری پشدەر و بتوێن دەكرێتەوە، دوای چەند ساڵێك لە ئابڵوقەكانی بەغدا بۆسەر ھەرێمی كوردستان و قەیرانی دارایی. لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانن و چەند ھەنگاوێكیش بۆ بەرەوباشتركردنی دۆخی ئابووری نراوە، ھەروەھا بە بەراورد بە ساڵانی پێشتر پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لە ئاستێكی باشدایە. بە  بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق لە رووی ئارامیی و ئاسایش ھەرێمی كوردستان سەقامگیرترین ناوچەی عێراقە.
 
بڕیارە ئەمڕۆ لە یادی 28مین ساڵەی رزگاركردنی دەڤەری راپەڕین، چەند چالاكییەك لە رانیە و قەڵادزێ و شاردێیەكانی ئەو دەڤەرە بەڕێوەبچن.

هەواڵی پەیوەندیدار