٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی لقى ١١ی پارتی بە بۆنەی ٢٨ـەمین ساڵیادی ڕاپەڕینەوە

سەرچاوە: KDP.info

ڕانیە-KDP.info- لقی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری ڕانیە، لە یادی (٢٨) ساڵەی ڕاپەڕینە جەماوەری و شكۆدارەكەی (٥)ـی ئازاری ١٩٩١، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.

ئەمە دەقەكەیەتی:

جەماوەری بەشەرەفی كوردستان بە گشتی و جەماوەری سنووری دەڤەری ڕاپەڕین بە تایبەتی.

خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان.

پێشمەرگە ئازا و گیانلەسەردەستەكانی كوردستان.

لە یادی (٢٨) ساڵەی ڕاپەڕینە جەماوەری و شكۆدارەكەی (٥)ـی ئازاری ١٩٩١، گەرم و گەشترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، ڕێكخستنەكانی ناو شار و تەواوی جەماوەری گەلەكەمان، خەڵكی شۆڕشگێڕ و كوردپەروەری شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین و دەڤەرەكەمان بە گشتی دەكەین.

ئەو ڕاپەڕینەی لەلایەن بەرەی كوردستانییەوە بەرنامەی بۆ داڕێژرا و، سەرەتا لە شاری ڕانیە بڵێسەی دا و دواتر ھەموو كوردستانی گرتەوە بە كەركووكی دڵی كوردستانیشەوە، ڕاستییەكی حاشاھەڵنەگرە كە ئەندازیار و سەرپەرشتیاری ڕاپەڕین جەنابی (سەرۆك بارزانی) بوو كە ئەو كات سەرۆكی بەرەی كوردستانی بوو.

بە شانازییەوە پێشمەرگە و فەرماندەكانی پارتی و ڕێكخستنە نھێنییەكانمان لەناو شارەكان و جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان لە ھەموو شوێنەكان، سەرمەشق و سەرقافڵەی ڕاپەڕین بوون، ڕاپەڕینی (٥)ی ئازار و ڕۆژانی دوایی، ڕووداوێكی گەورە و گرنگن لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەكەماندا، چونكە ڕۆژی ئازادی و ڕزگارییە لەم پارچەیەی كوردستاندا لە ژێردەستی دیكاتۆرییەت و كۆتاییھێنان بە سیاسەتی چەوساندنەوە، ڕاگواستن، داگیركاری، بەعەرەبكردن، بەبەعسیكردن و جینۆسایدكردن، كە وەرچەرخانێكی مەزنی ھەمەلایەنەی ھێنایە كایەوە لە سەرجەم بوارەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرھەنگی و ئاوەدانی و... ھتد.

 ئیتر لەوساوە گەلەكەمان لە ژێر سایەی ئەزموونی حكومڕانیی خۆماڵی لەسەر خاكی خۆی بە ئازادانە دەژی، دوادەستكەوت و سەروەریی دوای ڕاپەڕین، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانە، كە تێیدا جارێكی تر بە یەكڕیزی و یەكدەنگی پەیامی سەربەخۆییمان دا بە گوێی ھەموو جیھاندا.

لەو یادە پڕشكۆیەدا، بە پێویستی دەزانین بڵێین سنوورەكەمان كە ھەمیشە لانەی شۆڕش و بەرخودان بووە و مەڵبەندی سەرھەڵدانی ڕاپەڕین بووە، وەك پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و گرنگیی پێنەدراوە، ڕووی دەممان لە سەرۆكایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە كە ئاوڕێكی جیددیتر لەو دەڤەرە بداتەوە لە ڕووی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاری و ڕەخساندنی ھەلی كار بۆ دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان و لاوان بە گشتی.

سڵاو لە جەماوەری دەروازەی ڕاپەڕین، شاری ڕانیەی قارەمان.

سڵاو لە جەماوەری پشدەر و بیتوێن و ناودەشت و مەرگە و خۆشناوەتی و سنوورەكەمان بە گشتی.

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمان و گیانلەسەردەستەكانی كوردستان.

سڵاو لە گیانی پاكی شەھیدانی كوردستان بە گشتی و شەھیدانی ڕاپەڕین بە تایبەتی و سەرقافڵەی شەھیدان (بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو).

بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی ڕاپەڕین.

 

لقــی١١ی پارتی دیموكراتی كوردستان

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار