٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ژیان مستەفا: قوربانیانی كۆچی ملیۆنی بە شەھید ھەژمار دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- بەپێی بڕیارێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ھەزاران كەس سوودمەند دەبن، بەڕێوەبەری گشتیی شەھیدان و ئەنفالكراوانی پارێزگای دھۆكیش دەڵێ، ھەر ھاووڵاتییەك لە كاتی كۆچی ملیۆنیی خەڵكی كوردستاندا بووبێتە قوربانی، بە شەھید ھەژمار دەكرێت.

ژیان مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی دھۆك ئاشكرای كرد: "بەپێی بڕیارێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، قوربانیانی كۆچی ملیۆنی بە شەھید ھەژمار دەكرێن و پێشتریش بە ھەزاران ھاووڵاتی سوودمەند بوونە لە بڕیارەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و ئێستایش بەردەوامین لە تۆماركردنی ئەو ھاووڵاتیانەی لە كاتی كۆچی ملیۆنیی ١٩٩١ بوونەتە قوربانی بە ھەر ھۆكارێك بووبێت".

بەڕێوەبەری گشتیی شەھید و ئەنفالكراوانی پارێزگای دھۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی ژمارەیەك ھاووڵاتی داواكارییان پێشكەش كردین و ئێمەیش بۆ وەزارەت بەرزمان كردەوە، وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان رەزامەندی لەسەر داوە بۆ ئەوەی وەك شەھید ھەژمار بكرێن و سوودمەند بن لە ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەھیدان.

ژیان مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پێشتر ژمارەیەك ھاووڵاتیی قوربانی كۆچی ملیۆنی لە دھۆك وەك شەھید ھەژمار كراوبوون، بەڵام ئێمە دوو ھەزار فایلی دیكەمان لابوو و ئەوانەیشی لە تەمەنێكی بچووكدا بوون بە شەھید ھەژمار نەكراون، ئێستا بڕیارە ئەوانەی ماون و ئەوانەیشی بە ھۆی تەمەنەوە سوودمەند نەبوونە، تۆمار بكرێن و لە ئەمڕۆ بەدواوە ھەر ھاووڵاتییەك لە كاتی كۆچی ملیۆنی بووبێتە قوربانی، كەسوكارەكەی دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئێمە بكەن".

لەبارەی مەرجەكانیشەوە، ژیان دەڵێت: "كۆچی ملیۆنی كاتێكی دیاریكراوی ھەیە و ھەر ھاووڵاتییەك لە كاتی كۆچەكە و دواتر لە كەمپەكانی توركیا گیانی لە دەست دابێت، بە شەھید ھەژمار دەكرێت و پێویستە بەڵگەی تەواو لە بەردەست بێت بۆ تۆماركردن و سەلماندنی ھەر شەھیدێك".

 

قائید میرۆ

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار