٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جوندیانی: سەردانه‌كه‌ ئەرێنی بوو.. كۆبوونەوەی هەردوو حیزب بەشێك لەو گرێیانەی دیكە دەكاته‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێكی دیاری كوردستان، سەردانیكردنی شاندی یەكێتی بۆ لای سەرۆك بارزانی بە ئەرێنی دەزانێت و هاوكات بۆ ئەو دستپێشخەرییەی جەنابی سەرۆكیشی دەگێڕێتەوە، كە پێش ماوەیەك نامەیەكی بۆ جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نارد.

دوێنێ لە سەڵاحەددین، سەرۆك بارزانی و كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و شاندی یاوەری، كە پێك هاتبوو لە ئەرسەلان باییز و عیماد ئەحمەد، ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كۆبوونەوە. سیاسەتمەدارێكی دیاری كوردستانیش ئەو سەردانەی شاندەكەی یەكێتی بۆ لای سەرۆك بارزانی بە گرینگ دەزانێت بۆ كردنەوە و شلكردنەوەی چەندین گرێی نێوان هەردوولا، كە ببوونە هۆی كۆسپ لە بەردەم هەردوولا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت.

ئازاد جوندیانی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند، پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەت وردە وردە دەڕۆیشت، ئەویش بە ئامادەبوونی هەندێ حزب، بەڵام هەندێ گرێ كەوتبوونە نێو یەكێتی بۆ چۆنیەتیی بەشداریكردنیان لە كابینەی نوێ، پێیشی وایە، هەر كاتێ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی هەردوو حیزب بەڕێوە بچێت، ئەوا بەشێك لەو گرێیانەی دیكە دەكرێنەوە و ئەو پەیوەندییەی نێوان یەكێتی و پارتییش بچێتەوە ئاستێك، كە چۆن پێكەوە بتوانن چارەی كێشەكان بكەن.

كاریگەریی سەرۆك بارزانی

ماوەیەك بەر لە ئێستا سەرۆك بارزانی نامەیەكی ئاڕاستەی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كرد، ئەوەش لە لایەن سەركردایەتیی ئەو حزبەوە، بە گرینگ و دەستپێشخەرییەكی باش بۆ سەرلەنوێ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان پێناسە كرا، جوندیانی جەخت لەوە دەكاتەوە، كە هەمیشە دەستپێشخەرییەكانی سەرۆك بارزانی، نەك هەر سەبارەت بە پێكهێنانی حكوومەت، بەڵكوو بۆ هەموو بابەتێكی دیكە، كاریگەریی ئەرێنیی هەیە، چونكە بۆچوون و دید و پشتیوانیكردنی سەرۆك بارزانی لە هەر بوارێك و لایەنێك، هەنگاوی باشتر و ئەرێنی بەدوادا دێت.

ئەو سیاسەتمەدارە نایشارێتەوە، كە هاوشانی نامەكەی سەرۆك بارزانی، گەیشتنە قەناعەتی خودی سەركردایەتیی یەكێتییە، كە ئەو بابەتانەی دوێنێ و پێرێ دەگوزەرا، ناتوانێت هیچی لێوە بەدەست بێنێت، گوتیشی: "گەر سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێكەوە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی سەردانی سەرۆك بارزانی بكەن، یا گرووپێكی ناو حزبەكە، بە تایبەت كاك كۆسرەت، كە كاریگەریی خۆی داناوە لەسەر رای یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، تا ئاسانتر لەگەڵ پارتیدا مامەڵە لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ بكەن و بابەتی كەركووك و بەغدا بە هەرێمەوە نەبەستنەوە، ئەوا كارێكی زۆر باشیان كردووە".

 

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار