کاوە ئازیزی: گۆڕانکارییەکی نوێ لە سووریا بەڕێوەیە

ڕۆژئاوای کوردستان –KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێ، شەڕی داعش لە سووریا کۆتاییی ھاتووە و قۆناغێکی نوێ لە سووریا دەست پێ دەکات، کە لە بەرژەوەندیی کورددایە.
ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، د. کاوە ئازیزی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمەریکا کۆتاییھاتنی داعشی لە سووریا ڕاگەیاندووە و پەیەدەش نایەوێت تەواو بێت و باسی لەوە کرد ھێشتا حەفتەیەک ماوە تا بتوانن کۆتایی پێ بھێنن، بۆیە کۆتایییەکەی نزیک بووەتەوە و ئیدی شەڕ تەواو بێت، خەڵک داوای خزمەتگوزاری و ئەمن و ئاسایش دەکات و پەیەدەش ناتوانێ ھیچێک لەمانەیان بۆ دابین بکات، بۆیە گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوو دەدات، لە لایەک پڕۆژەی ناوچەی ئارام لە لایەن ئەمەریکا و لە لایەکی دیکەش، ناکۆکیی نێوان وڵاتان، بۆیە شەڕێکی نوێ و ململانێیەکی نوێ دەست پێ دەکات."
د. کاوە ئازیزی گوتیشی: "چارەنووسی کورد لەو گۆڕانکارییانەدا زۆر باش دەبێت، چونکە ڕووسیا و ئەمەریکا سوورن لەسەر مافی کورد لە سووریا، ئەمە زۆر باشە و داوای ئەمەریکا ئەوەیە کە ئەنەکەسە و لەشکری ڕۆژ بگەڕێنەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و لە ھەرێمی ئارام ڕۆڵێکی سەرەکیمان ھەبێت و شوێنمان بۆ کراوەتەوە، بۆیە فەلسەفەیەکی نوێ لە سووریا دروست دەبێت و ئەنەکەسە ژیانێکی نوێ بۆ کورد دروست دەکات، چونکە ئەمەریکا فشاری لە پەیەدە کردووە کە پێویستە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەندیل ببڕن و ڕێککەوتنێکی کوردی کوردی بکەن و لەسەر سنوور بکشێنەوە، بۆیە قۆناغی داھاتوو بۆ کورد زۆر باش دەبێت."
بڵند ئیبراھیم




