وەزیری دارایی: لەم مانگەوه بەپێی یاسای نوێ پشكی ھەرێم رەوانە دەكرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، وەزارەتی دارایی نووسراوی بۆ وەزارەتی بەرگری كردووە، كە ٦٨ملیار دینار بۆ سەر بودجەی خۆیان زیاد بكرێ، بۆ ئەوەی لەو مانگەوە دەست بە خەرجكردنی بكرێت. ئاماژەشی دا، بڕیارە لەم مانگەدا بەپێی یاسای نوێ پشكی ھەرێم لە بودجە رەوانە بكرێت.
ناسر ھەركی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق نووسراوێكی بۆ وەزارەتی بەرگری كردووە و تێیدا داوای لێ كردووە لەسەر بودجەی خۆیان ٦٨ملیار دینار زیاد بكەن، كە پشكی وەزارەتی پێشمەرگەیە و بۆ مووچە رەوانەی ھەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت ھەر لەم مانگەوە دەست بە خەرجكردنی بكرێت و مووچەی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە رەوانە بكرێت".
ھەركی گوتیشی: "لەبارەی ئەوەی بەغدا لە مانگی ڕابردوودا ٣١٧ملیار دیناری بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە كردووە، پرسیارێكمان ئاڕاستەی وەزیری دارایی كرد و بەدواداچوونمان بۆ كرد، ئەویش باسی لەوە كرد كە ھێشتا یاسای نوێی بودجە جێبەجێ نەكراوە و ئەوەی رەوانە كراوە بەپێی یاسای كۆن بووە، بەڵام لەم مانگەدا بەپێی یاسای نوێ پشكی ھەرێم رەوانە دەكرێت".
بڵند ئیبراھیم




