وەزارەتی ناوخۆ دوا مۆڵەت بۆ رادەستکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت دیاری دەکات

ھەولێر-KDP.info- بە مەبەستی نەهێشتنی دیاردەی چەکداری، وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانەش دەست بەسەرداگرتنی ئەو چەکانهی بێ مۆڵەتن، هاوکات لە دەرچوونی بڕیارەکەشەوە تا شەش مانگ مۆڵەت دەدرێتە ئەو کەسانەی چەکی بێ مۆڵەتیان هەیە و دوای ئەوەش، هەر چەکێکی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا بگیردرێت، خاوەنەکەی رادەستی دادگا دەکرێت.
لە نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆدا، کە وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتووه، تێیدا هاتووە، بە مەبەستی نەهێشتنی دیاردەی چەکداری، بە تایبەت چەکی قورس و مام ناوەند، وە هێشتنەوەی ئەو چەکانە لە دەست هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریانداوە، بە داماڵینی گشت ئەو چەک و تەقەمەنییانە جگە لە دەمانچە و کڵاشینکۆف.
هەر لە نووسراوەکەدا کە ژمارە ٢٩٠٢ی پێوەیە، وەزارەتی ناوخۆ بە واژووی کەریم شنگاری وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەش بۆ ئەوە کراوە، دەست بەسەر ئەو چەکانەشدا دەگرن کە بێ مۆڵەتن و لە لایەن هاووڵاتییانەوە هەڵدەگیرێن، هاوکات رێککاری یاساییشیان لە بەرانبەردا دەگیرێتە بەر.
ئەوەش خراوەتە روو، کە لە سەرجەم پارێزگا و قەزا و ناحییەکاندا لە بنکەکانی پۆلیس و ئاسایش بنکەی کۆکردنەوەی ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، یا رادەست دەکەن، کۆدەکرێنەوە و لە لایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە جەرد دەکرێن و رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێن.
لە رێی ئەو نووسراوە فەرمییەی وەزارەتی ناوخۆوە، ئاگاداری سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە، کە چەکی قورس و مام ناوەند، یا بێ مۆڵەتیان هەیە، لە بنکەکان تۆماری بکەن، بەو پێیەی تا شەش مانگ لە دوای دەرچوونی ئەم بڕیارەوە دراوەتە هاووڵاتیان، لە دوای کۆتایی هاتنی ماوەکەش، هەر چەکێک دەستی بەسەردا بگیرێت، خاوەنەکەیشی بە پێی یاسای چەک رەوانەی داگا دەکرێت.

خێڵان بەختیار




