٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جوان رۆژبەیانی: ناوی ئەندامانی لیژنەكانمان دیاری كردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بڕیارە رۆژی چوارشەممەی دابێ پەرلەمانی كوردستان دووەم كۆبونەوەی بۆ ھەڵبژاردنی لیژنەكانی نێوخۆ ئەنجام بدات، پەرلەمانتارێكی پارتییش دەڵێ، بۆ رۆژی چوارشەممە ناوی ھەر چواردە لیژنە ئامادەیە و تەنیا دەمێنێتەوە دەنگی لەسەر بدرێت.

پەرلەمانی كوردستان پازدە لیژنەی ھەمیشەیی ھەیە و ھەینیی رابردوو لیژنەی یاسایی ھەڵبژێردراوە، جوان رۆژبەیانی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان لەم هەفتەیەدا كۆ دەبنەوە لەسەر دیاریكردنی لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان و بۆ رۆژی چوارشەممەی داھاتوو ناوی ھەر چواردە لیژنە ئامادەیە و لەنێو كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا دەنگیان لەسەر دەدرێت".

پەرلەمانتارەكەی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "لیژنەكانی پەرلەمان بەپێی پسپۆڕی و بڕوانامە و ئەزموونی پەرلەمانتارانە، واتا ھەر پەرلەمانتارێك لە كام كەرت و بواردا ئەزموون و شارەزایی ھەیە، لەو لیژنەیەدا جێگیر دەكرێت، ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی ناوی سەرجەم ئەندامانمان ئامادە كردووە و پێشبینی دەكەین سەرۆكایەتیی شەش تا حەوت لیژنە بەر فڕاكسیۆنی پارتی بكەون".

رۆژبەیانی ده‌شڵێ: "ھەموو لیژنەكانمان یەكلا كردوونەتەوە و پەرلەمانتارانمان بەسەر لیژنەكاندا دابەش كردوون، دواتریش ھەر لیژنەیەك لەنێو خۆیدا سەرۆك و جێگر و بڕیاردەر ھەڵدەبژێرێت".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار