٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سوپاسالاری پێشمەرگە: لیژنه‌كان سەرقاڵی كاری خۆیانن.. داعش بووەتە مەترسیی جیددی

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە گوتی، لیژنە ھاوبەشەكانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە كاری خۆیان بەردەوامن و چاوەڕێی كۆتاییھاتنی كارەكانیان دەكرێت، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كۆ ببنەوە، بەڵام داعش بووەتە مەترسییەكی جیددی بۆ سەر ناوچە كوردستانییەكان و ھێزە عێراقییەكانیش توانای پاراستنیان نییە.

فەریق جەمال ئێمینكی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "سەبارەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك لیژنە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دروست كراون، كە لە كاری خۆیان بەردەوامن و مەسحی ھەموو ناوچەكان دەكەن و ھەر كاتێك تەواو بوون، ئینجا لەبارەی ئەنجامی لیژنەكانەوە دووبارە كۆبوونەوە دەكرێت، بۆیە جارێ ھەر سەرقاڵی كاری خۆیانن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان".

ئێمینكی گوتیشی: "ھەڕەشەی داعش لە عێراق مەترسیی بۆ سەر ھەرێمی كوردستان نابێت، چونكە سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگە زۆر بە باشی قایم كراون و ناتوانن ھیچ كارێك بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، بەڵام مەترسیی زۆریان بۆ سەر ئەو ناوچانە ھەیە كە ھێزە عێراقییەكان پارێزگارییان لێ دەكەن، بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان".

سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە ئاماژەشی دا، ھۆكاری بوونی مەترسیی داعشیش بۆ سەر ئەو ناوچانە، بە تایبەت مەخموور وكەركووك و مووسڵ و شنگال، ئەوەیە كە پێشمەرگەیان لێ نییە و تەنیا ھێزی عێراقی لەو ناوچانەن و ئەوانیش توانای پاراستنی ناوچەكەیان نییە.

دەشڵێ: "تا ھێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بوو، داعش ھیچ كات نەیدەتوانی كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدات، بەڵام لە دوای نەمانی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە، داعش سەری ھەڵداوەتەوە و بەردەوام كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بۆیە گرنگە پەلە بكرێت و بگەینە رێككەوتن، بەڵام لەسەر ئەنجامی دانوستانەكان دەمێنێتەوە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار